Accessibility links

سەرچاوەیەکی هاوپەیمانێتی لە یەمەن: حوثییەکان ڕێگەیان بە نەتەوە یەکگرتووەکان نەداوە بگەن بە یارمەتیە خۆراکییەکان


سەرچاوەیەکی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە وتی حوثییەکانی یەمەن ڕێگەیان بە نەتەوە یەکگرتووەکان نەداوە بگەن بە یارمەتییە خۆراکییەکان لە شاری حودەیدەی ڕۆژئاوای وڵاتەکە.

سەرچاوەکەی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە لەپاڵ حکومەتی یەمەندا دژ بە حوثییەکان دەجەنگن وتی زیاتر لە سەد کارمەند ڕێگەیان لێگیراوە بگەن بە بە کۆگاکانی دەریای سوور.

سەرچاوەکە بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی وت " بەداخەوە حوثییەکان جارێکی دیکە بڕیاریاندا پابەند نەبن بە ڕێکەوتنەکەی پێشووە و ڕێگەیان لە تیمەکان گرتووە بگەن بە کۆگاکانی خۆراک."

لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا تیمی بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکەمین جار سەردانی کۆگاکانی خۆراکی دەریای سووریان کرد دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر چاوەڕێیان کرد بگەن بەوێ بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی حکومەت و چەکدارانی حوثییەکانی سەر بە ئێرانەوە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی وتی شیکارییەکان دەریانخستووە برنجی ناو کۆگاکان مێرووییان تێکەوتووە و دەبێت پێش ئەوەی بدرێت بە ملیۆنان هاوڵاتی پاک بکرێنەوە.

وتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئارفییە ڤێرهۆسڵ وتی ئەو ئەرکەی دەزگاکە بەنیازبووە بیکات لە کۆگاکانی دەریای سووردا بەهۆی هۆکاری ئەمنیەوە دواخراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG