Accessibility links

حکومەتی یەمەن: کەشتی بارهەڵگری ڕوبیمار کە لەلایەن حوسییەکانەوە هێرشی کرایە سەر نقووم بووە


حکومەتە دانپێدانراوەکەی یەمەن ڕۆژی شەممە 2 ی مانگی سێ ڕایگەیاند کەشتی بارهەڵگری ڕوبیمار کە مانگی ڕابردوو لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هێرشی کرایە سەر لە باشووری دەریای سوور نقووم بووە.

ئەگەر ئەو هەواڵە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا یەکەمین کەشتی دەبێت کە نقووم ببێت لە دوای ئەوەی حوسییەکان لە مانگی یانزەوە دەستییان کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

حکومەتی یەمەن لە بەیاننامەکەیدا وتی کەشتییەکە شەوی هەینی نقووم بووە و هۆشداریشیدا لەسەر کەوتنەوەی " کارەساتێکی ژینگەیی."

سەرکردایەتی سەربازیی ناوەندی ئەمەریکا پێشتر ئاماژەی بەوە دابوو کەشتی ڕوبیمار زیاتر لە 41,000 تەن پەیینی پێبووە کاتێک هێرشی کراوەتە سەر.

لە ناوەڕاستی مانگی یانزەوە چەکدارانی حوسییەکانی یەمەن هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا و دەڵێن وەکو دەرخستنی پشتیوانییەکە بۆ فەلەستینییەکانی غەززە.

ڕۆژی دووشەممە تیمێکی حکومەتی یەمەن سەردانی ڕوبیمارییان کرد کە ئاڵای بێلیزی بەسەرەوەیە و خاوەنەکەی بەڕیتانیایە، وتی بەشێکی کەشتییەکە نقووم بووە و ڕەنگە لە ماوەی دوو ڕۆژدا نقووم ببێت.

پێشتر سوپای ئەمەریکا وتی هێرشەکە زیانێکی گەورەی بە کەشتییەکە گەیاندووە و بووەتە هۆی ئەوەی بە درێژایی 29 کم سوتەمەنی کەشتییەکە بڕژێتە دەریاکەوە.

ڕۆژی شەمممە لە دوو هەواڵی جیادا دەزگای ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانی دەریایی بەڕیتانیا وتی ڕاپۆرتێکی بە دەست گەیشتووە سەبارەت بەوەی کەشتییەک لە ڕۆژئاوای بەندەری یەمەندا هێرشی کراوەتە سەر.

وتی " تیمی کەشتییەکە کەشتییەکەیان ڕاگرتووە و لەلایەن بەرپرسانی سەربازییەوە گواستراونەتەوە."

لە ڕاپۆرتێکی جیادا وتی کەشتییەک لە نقوومبووندایە. بەڵام لە هیچ کام لە ڕاپۆرتەکانیدا ناوی ڕوبیماری نەهێناوە کە هەردوو ڕووداوەکە لە دەوروبەری ئەو شوێنە ڕوویانداوە کە دوایین جار ڕوبیماری تێدا بیندراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG