Accessibility links

لە میانەی پێکدادانەکانی یاخیبووان و هێزەکانی دەسەڵات لە یەمەن نزیکەی 150 کەس کوژراون


سەرچاوە سەربازی و تەندروستیەکان ئاماژەیان بەوەدا لە ماوەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان یاخیبووان و هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی یەمەن لە باشووری شاری حودەیدە زیاتر لە 150 کەس لەهەردوولا کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا حوسییەکان هەوڵدەدەن بەرەو ناوچە نوێیە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە پێشڕەوی بکەن.

لە شەڕ و پێکدادانەکانی ڕۆژی شەممە و یەکشەممەی ڕابردوودا لە ناوچەکانی باشووری شاری حودەیدە نیوەی ئەو ژمارەیە کوژران.

لە دوای ڕێکەوتنی ئاگربەستەوە لەنێوان لایەنەکانی شەڕی یەمەندا لە مانگی دوانزەی ساڵی 2018 لە سوید، ئەم شەڕ و پێکدادانانەی ئێستای نێوانیان توندترینن.

یاخیبووانی یەمەن ماوەی دوو مانگە هەوڵدەدەن بەرەو باشووری وڵاتەکە پێشڕەوی بکەن بەرەو ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتیان تێدایە، ئەو شوێنانەش بنکەی سەربازییان تێدایە کە وەکو خاڵی دەستپێکردنی سەرەکی ئەم هێزانە دادەنرێن لە شەڕیاندا دژی یاخیبووان لە ناوچەکانی دیکەی یەمەن.

بەرپرسێکی هێزەکانی سەر بە دەسەڵات بە فرانس پرێسی وت " لە ماوەی هەفتەکەدا زیاتر لە 150 کەس کوژراون و زیاتر لە 260 کەسیش برینداربوون." لەلای خۆشیەوە بەرپرسێکی یاخیبووانی یەمەن ئەو ژمارانەی پشتڕاست کردەوە.

دوو بەرپرسی دیکەی حکومەتی یەمەن ئاماژەیان بەوەدا هێزەکانی سەر بە دەسەڵات ڕۆژی شەممە و یەکشەممە بەرپەرچی کۆمەڵێک هێرشی حوسییەکانیان داوەتەوە لە حەیس و دەریهمی و ناوچەکانی دیکە و ناچاریان کردوون پاشەکشە بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی" 44 چەکداری هێزەکانی یاخیبووان و 27 کەس لە هێزەکانی سەر بە دەسەڵات کوژراون."

لەلای خۆشیەوە پزیشکان و تیمەکانی فریاکەوتن لە پارێزگای حودەیدە کوژرانی نزیکەی 70 کەسیان لە هەردوولا پشتڕاست کردەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG