Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جێهانی: زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە یەمەن تووشی نەخۆشی کۆلێرا بوون


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO دەڵێت لە مانگی چوارەوە هەتا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە یەمەن تووشی نەخۆشی کۆلێرا بوون و نزیکەی 2 هەزار کەسیان گیانیان لەدەسـتداوە.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە ئامارێـکی نوێی لە بارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بەم نەخۆشیـیە ترسناکە لەو وڵاتەی بڵاوکردەوە و بە وردی دەڵێت 503484 کەس لە یەمەن دووچاری نەخۆشی کۆلێرا بوون و 1975 کەسیان گیانیان لەدەسـتداوە.

دەشڵێت لە سەرەتای مانگی حەوتەوە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیەکە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، بەڵام ئاگاهی دەدات کە هێشتا مەزەندە دەکرێت ڕۆژانە 5 هەزار کەس تووشببن.

جێی ئاماژەیە بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و حوسیـیە شیعەکان کە زیاتر لە دوو ساڵە درێژەی کێشاوە، ژێرخانی ئەو وڵاتە هەرەسی هێناوە، ئەمەش وەهای کردووە لە ئێستادا یەمەن ببێتە ئەو وڵاتەی جیهان کە زۆرترین تووشبوونی نەخۆشی کۆلێرای تێدابێت.

پـێشتر ڕێکخراوەکە ئاگاهی دا لە مەترسی بڵاوبوونەوەی خێرای نەخۆشیـیەکە بەهۆی کەمی خزمەتگوزاریـیەکان تەندروستی و تێکچوونی سیستەمی ئاوەڕۆ و لەگەڵ ئەوانەشدا ملیۆنان کەس دەستیان بە ئاوی خاوێندا ناگات.

تێدڕۆس ئادهانۆم غێبریسەس سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیانـنامەیەکدا گوتی بە هەزاران کەس بەهۆی نەخۆشیـیەکەوە دەناڵێنن و نە نەخۆشخانە و دەرمان و ئاوی پاک وەک پـێوست هەن. گوتیشی زۆرێک لەو پـزیشک و کارمەندە تەندروستیانەی کار بۆ چارەسەرکردنی قوربانیـیەکان دەکەن وا بۆ نزیکەی ساڵێـکە موچەیان وەرنەگرتووە. جەختی لەوە کرد کە دەبێت موچەکانیان بدرێتێ تاوەکو بتوانن ژیانی ئەو خەڵکە ڕزگاربکەن.

باسی لەوەش کرد ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە بەردەوام کاردەکەن بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیەکە. گوتیشی زیاتر لە 99%ی ئەوانەی دووچاری نەخۆشیـیەکە دەبن دەکرێت ژیانیان لە مردن ڕزگاربکرێت ئەگەربێت و بە خێرایی چارەسەریان بۆ بکرێت.

XS
SM
MD
LG