Accessibility links

یونسێف: جەنگی یەمەن دۆزەخە بۆ منداڵان


بەهۆی جەنگی ناوخۆی یەمەنەوە بەدخۆراکی بەرۆکی سەدان هەزاران منداڵی یەمەنی گرتووە لە ناوچەیەکی هەژاردا کە زیاتر لە سێ ساڵە لەژێر ئاگردایە.

نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان “یونسێف” مێرتسیڵ ڕیلانۆ لە یەمەن وتی " شەڕی یەمەن بۆتە دۆزەخ بۆ منداڵان."

وتی زیاتر لە 11 ملیۆن کە لە سەدا 80 ی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن لەژێر تەمەنی هەژدە ساڵییەوە ڕووبەڕووی مەترسی کەمی خواردن و توشبوون بە نەخۆشی و کەمیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە سەرەکیەکان بوونەتەوە.

وتیشی " نزیکەی 1.8 ملیۆن منداڵ لە وڵاتەکەدا بە نەخۆشی بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن. نزیکەی 400 هەزاریان توشی بەدخۆراکییەکی سەخت بوونەتەوە و ڕۆژانە کۆشش دەکەن بۆ مانەوە لەژیاندا."

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 2015 دا هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەستیان وەردایە جەنگی ناوخۆی یەمەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حوثییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی حوثییەکان حکومەتی یەمەنیان ناچار کرد لە سەنعای پایتەخت بێنە دەرەوە.

جەنگی ناوخۆی یەمەن بۆتە هۆی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا، لە وڵاتێکدا کە 28 ملیۆن دانیشتووی هەیە و باوەڕ وایە کە 8.4 ملیۆنیان توشی برسێتی بووبن و 22 ملیۆنیان پشت بە یارمەتییەکان دەبەستن بۆ مانەوە لەژیاندا.

هاوپەیمانێتی عەرەبی ڕێوشوێنی توندی گرتە بەر بۆ ئەو پێداویستی و کەلوپەلانەی کە دێنە ناو یەمەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی نەهێڵێت حوثییەکان لەڕێی قاچاخەوە دەستیان بگات بە چەک و تەقەمەنی.

ڕیلانۆ وتی " ڕەوشی خێزانەکان بەبێ کار و بەبێ موچە و لەژێر جەنگدا، کارەساتە."

وتیشی یونسێف چارەسەری بۆ زیاتر لە 244 هەزار منداڵ دابین کردووە کە لەژێر تەمەنی پێنج ساڵەوەن و توشی بەدخۆراکی بوون.

وتیشی " لایەنەکانی شەڕ پێویستە لەسەریان چی لەتوانایاندا هەیە بیکەن بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ئابووری و گەیشتنی یارمەتییەکان کە مافی خۆیانە بگاتە دەستیان و پێویستیانە تاوەکو لەژیاندا بمێننەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG