Accessibility links

هێڵێکی ئاسمانی نهێنی لە دوورگەیەکی یەمەن دروستکراوە؛ ئایا ئیمارات پلانی هەیە پێگەی خۆی لە ناوچەکە بەهێزتر بکات؟


بەپێی وێنەکانی مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسەوە شیکاری بۆ کراوە، ڕێڕەوێکی نادیاری هەستانی فڕۆکە لە دوورگەیەکی دوورەدەستی یەمەن نزیک بووەتەوە لە تەواوبوونی.ئەم ڕێڕەوی فڕین یەکێکە لە چەندین ڕێڕەوی فڕین کە لە وڵاتێکدا دروستکراون کە لە شەڕێکی درێژخایەن تێوەگلاوە. یەمەن دەکەوێتە یەکێک لە گرنگترین گەرووەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی باری بازرگانی و وزە.

ڕێڕەوەکە کە لەسەر دوورگەی عەبدلکوری دروست کراوە و دەکەوێتە نزیک دەمی کەنداوی عەدەن، دەکرێت ببێتە شوێنێکی سەرەکی نیشتنەوەی فڕۆکەکان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە چاودێری ڕێڕەوە ئاوییەکە دەکەن وئەمەش ڕێگە بە کۆنترۆڵکەرەکەی دەدات هێز بەکاربهێنێت و بە ئاسانی کارەکان لەم ڕێڕەوی ئاوەدا ئەنجام بدات. هەروەها ڕێڕەوی فڕین دەتوانێت یارمەتی گواستنەوەی باری بازرگانی و وزە بۆ ئەوروپا بدات لە ڕێگەی کەنداوی عەدەن و دەریای سوورەوە کە بەهۆی هێرشەکانی یاخیبووانی حوسییەکانی یەمەنەوە بۆ نیوە کەم بووەتەوە.

پێدەچێت ئیماڕات ڕێڕەوی هەستانی فڕۆکەکانی دروست کردبێت کە لە مێژە گومانی ئەوەی لێدەکرێت هەوڵی فراوانکردنی بوونە سەربازییەکەی بدات لە ناوچەکەدا و پشتیوانی لە جەنگەکە کردووە بە ڕابەرایەتی سعودیە دژی حوسییەکان لە یەمەن.

شارەزای یەمەن محەمەد ئەلباشە دەڵێت ئەگەر ڕێڕەوەکە تەواو ببێت ئەوا ڕێگە بە فڕۆکە شەڕکەر و فڕۆکەکانی دیکە دەدرێت لەوێ بنیشنەوە. لە کاتێکدا کە ڕێڕەوەکە لە نێو مەودای موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکاندایە، بەڵام دووریی دوورگەکە لە یەمەنەوە ئەوە دەگەیەنێت کە " مەترسی ئەوەی لەسەر نیە حوسییەکان بتوانن بە پیکابێک بڕۆن و دەستی بەسەردا بگرن."

ویلیام ڕایلانت کلارکی وتەبێژی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە کۆدەکانی خۆی دەدات بە فڕۆکەخانەکان لە سەرانسەری جیهاندا، وتی هیچ زانیارییەکییان نیە سەبارەت بە ڕێڕەوەکەی سەر عەبدلکوری. وتیشی یەمەن وەکو وڵاتێکی ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا، دەبێت زانیاری بدات لەسەر فڕۆکەخانەکە. لە سۆکۆترای نزیک دوورگەکە فڕۆکەخانەیەک هەیە و ڕێکخراوەکە ئاگاداری بوونی ئەو فڕۆکەخانەیەیە.

دوورگەی عەبدلکوری بەشێکە لە دوورگەکانی سۆکۆترا، بە تەنها 95 کیلۆمەتر لە ئەفریکاوە دوورە و 400 کیلۆمەتر لە یەمەنەوە دوورە. لە دوایین دە ساڵی جەنگی سارددا، دوورگەکان زۆرجار لەلایەن کەشتییەکانی سۆڤییەتەوە بەکارهێندراون، ئەوەش بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەیەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا، دوورگەکە لەلایەن ئەنجومەنی کاتی باشووری یەمەنەوە سەرپەرشتی کراوە کە داکۆکی لە دابەشبوونی یەمەن دەکات بۆ باکوور و باشوورێکی جیا وەک سەردەمی جەنگی سارد. ئیماڕات پشتگیری ئەنجومەنەکەی کردووە و چەکی داوەتێ وەکو بەشێک لە شەڕەکە بە سەرکردایەتی سعودیە لە دژی حوسییەکان کە لە ساڵی 2014 سەنعای پایتەختی یەمەنیان کۆنتڕۆڵ کرد.

ئیماڕات کە بەندەری گەورەی جەبەل عەلی لە دوبەی و کۆمپانیای لۆجیستیکی DP World لێیە، پێشتر بنکەیەکی لە ئیریتریا دامەزراند کە دواتر هەڵوەشێنرایەوە و هەوڵی دروستکردنی فرۆکەخانەیەکیاندا لە دوورگەی مایون یان پێریم، لە ناوەڕاستی گەرووی باب ئەلمەندب لە نێوان دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا.

بەڵام بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانەوە، وادیارە ئیماڕاتییەکان فرۆکەخانەی عەبدلکوری دەکەنەوە و تەنانەت کارەکانیشیان واژۆ کردووە. لە ڕۆژهەڵاتی ڕێڕەوەکەوە، لەسەر خۆڵەکە نوسراوە " ئیماڕاتم خۆشدەوێت."

بەپێی داتاکانی MarineTraffic.com کە لەلایەن ئەسۆشیەتد پرێسەوە شیکارییان بۆ کراوە، کەشتییەک بە ئاڵای ئیماڕاتەوە لە کەناری عەبدلکوری لە مانگی یەکی ساڵی 2024 بیندراوە و چەند جارێکی دیکە لەو ساڵەدا لە کەناری سۆکۆترا بیندراوە. ئەو کەشتییە پێشتر پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیماڕاتەوە هەبووە لە یەمەن.

ئیماڕات کە هەفتانە یەک گەشتی ئاسمانی لە ئەبوزەبییەوە بۆ سۆکۆترا بەڕێوەدەبات، لە مێژە وتوویەتی کە هەوڵەکانی تەنها بۆ گەیاندنی یارمەتین بۆ دوورگەکان. کاتێکیش سەبارەت بە دوورگەی عەبدلکوری پرسیاری لێکرا، حکومەتی ئیماڕات ئاماژەی بە ئەرکەکانی یارمەتییەکانیدا.

حکومەتی ئیماڕات وتی " هەر بوونێکی ئیماڕات هۆکارەکەی یارمەتی مرۆییە کە بە هاریکاری دەکرێت لەگەڵ حکومەتی یەمەن و بەرپرسانی ناوخۆدا."

" ئیماڕات سوورە لەسەر پابەندبوونی بە هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانەوە بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی یەمەن، بەمەش ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی خەڵکی یەمەن بەرەو پێشەوە دەچێت."

فڕۆکەخانەیەکی نوێ لە عەبدلکوری دەتوانێت ناوچەیەکی نوێی دابڕاو دابڕێژێت بۆ چاودێری گەشتەکانی دەوروبەری دوورگەی سۆکۆترا. ڕەنگە ئەمە زۆر گرنگ بێت بۆ ڕێگریکردن لە هێنانی چەک لە ئێرانەوە بە قاچاخ بۆ حوسییەکان کە هێشتا لەژێر گەمارۆی چەکدان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەپێندراوە بەسەریدا.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG