Accessibility links

کۆمه‌ڵێـک پـیاوی خێڵه‌کی فه‌رمانده‌یه‌کی له‌شـکری یه‌مه‌ن ده‌کوژن


کۆمه‌ڵێـک پـیاوی خێڵه‌کی فه‌رمانده‌یه‌کی له‌شـکری یه‌مه‌ن ده‌کوژن
کۆمه‌ڵێـک پـیاوی خێڵه‌کی فه‌رمانده‌یه‌کی له‌شـکری یه‌مه‌ن ده‌کوژن

کاربه‌ده‌سـتانی یه‌مه‌ن ده‌ڵێن کۆمه‌ڵێـک پـیاوی خێڵه‌کی دژه‌ حکومه‌ت هێرشیان کردووه‌ته‌ سه‌ر سه‌ربازانی سه‌ر به‌ سه‌رۆک عه‌لی عه‌بدوڵڵا سـاڵح و له‌ ئه‌نجامدا فه‌رمانده‌یه‌کی له‌شـکریـیان کوشـتووه‌ و 30 سه‌ربازیان ده‌سـتگیرکردووه‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگری یه‌مه‌ن له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کدا گوتی ئه‌و هێرشه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ کرایه‌ سه‌ر بنکه‌یه‌کی له‌شـکری له‌ باکوری سه‌نعای پایته‌خت بووه‌ مایه‌ی کوژرانی عه‌مید عه‌بدوڵڵا ئه‌لکلێبی که‌ فه‌رمانده‌یه‌که‌ له‌ گاردی تایبه‌تی کۆماری. کاربه‌ده‌سـتان گوتیشـیان هه‌روه‌ها 4 پـیاوی خێڵه‌کیش له‌ شه‌ڕه‌که‌دا کوژراون.

به‌ڕێز سـاڵح ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ گوتی ئه‌و ده‌یه‌وێت به‌ شێویه‌کی ئاشـتیـیانه‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات بگوێزرێته‌وه‌.

سه‌رۆکی یه‌مه‌ن له‌ وتارێـکی ته‌له‌فیزیۆنیدا به‌ڵێنی دا ئه‌و پـێشـنیاره‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی هاریکاری که‌نداوه‌وه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات کراوه‌ جێبه‌جی بکات، به‌ڵام په‌یمانی نه‌دا ده‌سـتبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بـبێت. پـلانه‌که‌ که‌ ماوه‌یه‌کی درێژه‌ جێبه‌جێـکردنی دواخراوه‌ داوا له‌ سه‌رۆک سـاڵح ده‌کات ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی بۆ جێـگرێـکی بگوێزێته‌وه‌.

ئه‌م ده‌رکه‌وتنه‌ی عه‌لی عه‌بدوڵڵا سـاڵح یه‌که‌م جار بوو له‌وه‌تای له‌ ڕۆژی هه‌ینیـیه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌نعای پایته‌خت له‌ پاش ئه‌وه‌ی سێ مانگی له‌ عه‌ره‌بسـتانی سـعودیـیه‌ به‌سه‌ر‌برد بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و برینانه‌ی له‌ هه‌وڵێـکی کوشـتنیدا له‌ مانگی شه‌ش دووچاری بوون.

به‌ڕێز سـاڵح گوتی ده‌بێت هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆکایه‌تی و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێیـیه‌کان ئه‌نجام بدرێن‌. هه‌روه‌ها له‌ وتاره‌که‌یدا ڕه‌خنه‌ی له‌ نه‌یارانی خۆی گرت و گوتی هانی گێره‌شێوێنی ده‌ده‌ن. گوتیشی ده‌سـتوری وڵاته‌که‌ ڕێگه‌ به‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی ئاشـتیـیانه‌ ده‌دات، به‌ڵام نه‌ک تاڵانی و وێرانکردنی شوێن و مۆڵکه‌کانی ده‌وڵه‌ت.

ئه‌م وتاره‌ی به‌ڕێز سـاڵح پاش چه‌ند کاتژمێرک له‌وه‌ هات که‌ سه‌ربازانی یه‌مه‌نی له‌ سه‌نعا ته‌قه‌یان له‌ کۆمه‌ڵێـکی گه‌وره‌ی خۆپـیشـانده‌رانی دژه‌ حکومه‌ت کرد و له‌ ئاکامدا 18 که‌س برینداربوون.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ شـا عه‌بدوڵڵای عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه‌ گوتی ده‌سـتپـێشـخه‌ریـیه‌که‌ی که‌نداو تاکه‌ ڕێگه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانه‌که‌. هه‌روه‌ها هانی هه‌موو لایه‌نه‌کانی له‌ یه‌مه‌ن دا دان‌به‌خۆیاندا بگرن تاوه‌کو توندوتیژی و کوشـتاری زیاتر ڕوونه‌دات.

XS
SM
MD
LG