حکومه‌تی نوێی یه‌کگرتووی یه‌مه‌ن ده‌ستبه‌کاربوو و ئێسـتا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵاتی پێ‌ڕاسپـێردراوه و هه‌روه‌ها کاربکات بۆ سـازکردنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی له مانگی دوودا.
ئاژانسی هه‌واڵه‌کانی سه‌بای ده‌وڵه‌تی یه‌مه‌ن ڕایگه‌یاند که‌وا ئه‌مڕۆ شه‌ممه حکومه‌تی یه‌کگرتوو له سه‌نعای پایته‌خت سوێندی یاسایی خوارد. ئاژانسی ڕۆیته‌رزیش ده‌ڵێت بۆ یه‌که‌م جاره حکومه‌تی نوێ به سه‌رۆکایه‌تی جێـگری سه‌رۆک کۆمار عه‌بد ڕه‌به مه‌نسور هادی کۆبـبێته‌وه.
کابینه‌تی حکومه‌تی نوێ له 35 ئه‌ندام پـێـکهاتووه و سیاسه‌تمه‌داری دێرین محه‌مه‌د سالم باسیندووه سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات. پـۆسته‌کان دابه‌شـکراون له نێوان حزبی سه‌رۆک عه‌لی عه‌بدوڵڵا سـاڵح و لایه‌نی ئۆپـۆزسیۆن. به‌ڕێز محه‌مه‌د سالم له لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنه.
لایه‌نگرانی سـاڵح وه‌زاره‌ته‌کانی به‌رگری و کاروباری ده‌ره‌وه و نه‌وتیان دراوه‌ته ده‌ست، وه ئۆپـۆزسیۆنیش ناوخۆ و ڕاگه‌یاند و دارایی.
ڕاگه‌یاندنی ئه‌م حکومه‌ته هه‌نگاوی یه‌که‌می یه‌مه‌نیـیه‌کانه بۆ کۆتایی‌هێنان به حوکمڕانی عه‌لی عه‌بدوڵڵا سـاڵح که‌وا بۆ 33 سـاڵه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ی گرتووه‌ته ده‌ست. به‌پـێی ئه‌و ڕێـکه‌وتنه‌ی به یارمه‌تی وڵاتانی که‌نداو یه‌مه‌نیـیه‌کان پـێـیگه‌یشـتوون، سـاڵح هیچ ده‌سه‌ڵاتێـکی نه‌ماوه، به‌ڵام هه‌تاکو سه‌رۆکی نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێت ئه‌و وه‌ک سه‌رۆکی فه‌خری ده‌مێنێته‌وه.
هه‌رچه‌نده ڕێـکه‌وتنه‌که کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی عه‌لی عه‌بدوڵـڵا سـاڵح ده‌هێنێت، به‌ڵام هێشـتا به هه‌زاران یه‌مه‌نی ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ڕێـکه‌وتنه‌که. ده‌ڵێن نه‌ده‌بووایه ئه‌و بڕگه‌یه له ڕێـکه‌وتنه‌که‌دا هه‌بووایه که په‌ناپارێزی له لێپـرسینه‌وه به سـاڵح ده‌دات.