Accessibility links

سەرۆکی چین هیوادارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکووردا باش بکات


دەزگای هەواڵی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە سەرۆکی چین شی جین پینگ وەڵامی پەیامە پیرۆزباییەکەی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونی داوەتەوە بەهۆی بەستنی کۆنگرەی حیزبی شیوعی چین و وتوویەتی هیوادارە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە باش بکاتەوە.

دەزگاکە وتیشی سەرۆکی چین پەیامێکی ناردووە و دەڵێت " داوا دەکەم لەم ڕەوشە نوێیەدا چین لەگەڵ کۆماری کۆریای دیموکراتدا هەوڵ بدات پەیوەندییەکانی نێوانیان باش بکەن و بگەنە سەقامگیریەکی بەردەوام و گەشەکردنێکی ئەرێنی لە پەیوەندییەکاندا، لە بەرگریکردن لە ئاشتی و سەقامگیری هاوبەشی نێوانیاندا."

چین و کۆریای باکوور کۆمەڵێک پەیام و پیرۆزبایی سیاسی لەنێوانیاندا گۆڕیوەتەوە لە بۆنە سیاسییەکاندا و پەیامەکانیش هەندێک جار تایبەتی بوون لەنێوان دوو سەرۆکەکەدا.

تا ئێستا چین هیچ شتێکی بڵاونەکردۆتەوە سەبارەت بە پەیامەکە و کۆتا جار سەرۆکی چین پەیامی بۆ ڕابەری کۆریای باکوور ناردبێت ساڵی ڕابردوو بوو کە تیایدا پیرۆزبایی لە بەستنی کۆنگرەی حیزبەکەی کۆریای باکوور کردبوو.

لە ساڵی 2015 بەرپرسێکی باڵای چین لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ پیۆنگیانگ پەیامێکی لە شی جین پینگەوە گەیاند بە کیم جۆنگ ئون.

هەروەها سەرۆکی چین شی جین پینگ لەوەتەی پۆستی سەرۆکایەتی چینی وەرگرتووە لە ساڵی 2013 تا ئێستا سەردانی کۆریای باکووری نەکردووە و بە هەمان شێوەش سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون سەردانی چینی نەکردووە.

هەفتەی ڕابردوو کیم پەیامێکی دەگمەنی نارد بۆ شی بەبۆنەی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی حیزبی شیوعی چینی و تیایدا هیوای خواستووە شی جین پینگ سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت وەکو سەرۆکی وڵاتەکە.

ئەم پەیامە هاوڕێیانەی نێوان دوو سەرکەکە لە کاتێکدا دێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە چین دەکات هەوڵی زیاتر بدات بۆ وەستاندنی بەرنامە ناوەکی و موشەکییەکەی کۆریای باکوور کە بۆتە هۆی کەوتنەوەی گرژییەکی زۆر لە جیهاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG