Accessibility links

یاوه‌ر: هیچ هێزێكی پێشمه‌رگه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیه‌،هه‌موو هێزه‌كانمان له‌ناو سنوره‌كانی هه‌رێمدا به‌رگری ده‌كه‌ن


فه‌ریق ڕوكن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌" هیچ هێزێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیه‌، به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ دوورنیه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كه‌ لایه‌نگری له‌توركیا ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیان كوردن ڕه‌نگه‌ ئه‌وانه‌یان بردێبت له‌گه‌ڵ ئۆپزسیۆنی سوریا بۆ لیبیا به‌ڵام ئه‌وان به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌یانناسێنن، هاوكات له‌بایه‌خی ئه‌و لێدوانه‌ی هێزه‌كانی حه‌فته‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت" ئه‌و لێدوانه‌ش له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی خاوه‌ن سه‌نگ و پێگه‌ نیه‌ تا ئێمه‌ بیخه‌ینه‌ "قاڵبی سكاڵا و سكاڵا كاری، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ لامان گرنگ نیه‌."

دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی سێ شه‌ممه‌ به‌رپرسێكی باڵای هێزه‌كانی حه‌فته‌ر له‌ لیبیا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ناسنامه‌ی كه‌سێكی خسته‌ڕوو ڕایگه‌یاند" كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ كورده‌ و له‌ شاری هه‌ولێره‌وه‌ هێزێكی كوردی ڕاهێنرانییان پێی كراوه‌ و هاتونه‌ته‌ لیبیا له‌وێ شانبه‌شانی هێزه‌كانی توركیا شه‌ڕ ده‌كه‌ن"

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا جه‌بار یاوه‌ر وته‌كانی ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازیه‌ی لیبیای ڕه‌تكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت" وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هیچ هێزێكمان نیه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌ركی پێ سپێردرابێت، چوارده‌ لیوامان هه‌یه‌، دابه‌ش بوون به‌سه‌ر هێڵه‌كانی به‌رگری هه‌ر له‌ ناوچه‌كانی خانه‌قینه‌وه‌ تا ڕه‌بیعه‌، هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ش له‌ ئه‌ركدان بۆ پاراستنی سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی "تیرۆریستانی داعش"، واته‌ كه‌یسمان نیه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی هه‌رێم ئه‌ركی پێ سپێردرابێت."

یاوه‌ر ئه‌وه‌شی وت" مه‌سه‌له‌ی هێزه‌كانی ڕۆژ، به‌شێكن له‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی، ئه‌وان سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن كه‌ فه‌رمانده‌كه‌ی "به‌ڕێز كاك عه‌زیز وه‌یسی-یه‌"، كه‌ من له‌و بڕوایه‌دا نیم ئه‌وانیش هیچ هێزێكیان له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ركدا بێت و هه‌موو هێزه‌كانیان له‌ناو هه‌رێمی كوردستانه‌، دیاره‌ وه‌ك خۆتان ده‌زانن هه‌ندێكجار لێدوان ده‌درێت ڕاست ده‌بن یا ناڕاست ده‌بن، زۆرجاریش هه‌یه‌ لێدوانه‌كان په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ ململانێی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ عیراقدا به‌شێوازێكی گشتی یا له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ ده‌كه‌ونه‌ خانه‌ی تۆمه‌تباركردن ئه‌گه‌ر هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی فه‌رمی نه‌بێت له‌گه‌ڵییان ."

ئه‌مینداری گشتی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕه‌تیكرده‌وه‌ هیچ هێزێكی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شی وت" دوورنیه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كه‌ لایه‌نگری له‌توركیا ده‌كه‌ن و هه‌ندێكیان كوردن ڕه‌نگه‌ ئه‌وانه‌یان بردێبت بۆ لیبیا به‌ڵام ئه‌وان به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌یانناسێنن، هێزی پێشمه‌رگه‌ ئێستاش له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان ناسراوه‌ به‌و هێزه‌ی یه‌كه‌م هێز بوو به‌ره‌نگاری داعش بوو، قاره‌مانێتیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایه‌ له‌و ڕوه‌وه‌."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌نیاز نین سكاڵا تۆمار بكه‌ن یا داوای ڕونكردنه‌وه‌ له‌ هێزه‌كانی سوریا(وه‌ك خۆت وتت) یا حه‌فته‌ر بكه‌ن بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌؟

جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت" ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌و ناكۆكیه‌نه‌وه‌ نیه‌ كه‌ له‌لیبیادا هه‌ن، مه‌سه‌له‌ی لێدوان ده‌یان لێدوان هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ی كه‌چه‌نده‌ گرنگی هه‌یه‌، ئه‌م لێدوانه‌ی وای وت له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی نێوده‌وڵه‌تی نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بیكه‌نه‌ هه‌ڵایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، به‌ڵكو ئه‌م لێدوانه‌ وته‌بێژی كۆمه‌ڵێكی چه‌كدار كه‌ تا ئێستاش له‌ناو لیبیا یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ و میلیشیایه‌كی هه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موومان ده‌زانین دۆخی لیبیا چۆنه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ لامان گرنگ نیه‌، مه‌سه‌له‌ی ناوهێنانی كورد زۆرجار هه‌یه‌ له‌ زۆر بۆنه‌دا له‌توركیا، سوریا و عیراق زۆرجار ناو هێنراوه‌ ، بۆیه‌ ئه‌و لێدوانه‌ش له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی خاوه‌ن سه‌نگ و پێگه‌ نیه‌ تا ئێمه‌ بیخه‌ینه‌ "قاڵبی سكاڵا و سكاڵا كاری."جه‌بار یاوه‌ر وای وت"

جه‌بار یاوه‌ر به‌ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكای وت" بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ داوا له‌خۆت ده‌كه‌م ڕاسته‌وخۆ كه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌یت به‌ "به‌ڕێز لیوا عه‌زیز وه‌یسی" وه‌كو فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی پرسیاری لێبكه‌یت كه‌ هێزه‌كانی ڕۆژ به‌شێكی ئه‌و هێزه‌ن تا ڕونكردنه‌وه‌ی زیاترت له‌باره‌ی ئه‌و لێدوانه‌ی وته‌بێژه‌كه‌ی حه‌فته‌رت بۆ باس بكات."

ده‌نگی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندیكرد به‌ (لیوا عه‌زیز وه‌یسی) فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی به‌ڵام ناوبراو ئاماده‌ی لێدوان نه‌بوو، به‌ته‌نها وتی" "جه‌نابی وه‌زیری ناوخۆ" ده‌توانێت قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكات به‌ڵام ته‌نها ده‌توانن ئه‌وه‌ تۆماربكه‌ن و بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك ئه‌و قسانه‌ی وته‌بێژه‌كه‌ی حه‌فته‌ر ڕاست نیه‌ و بێ بنه‌مایه‌ له‌ 100% من به‌رپرسیارێتی ئه‌و قسه‌یه‌ی خۆم هه‌ڵده‌گرم هه‌م بۆ ئێستا هه‌م بۆ مێژوو ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:19 0:00


XS
SM
MD
LG