Accessibility links

قایمقامی قه‌زای پێنجوێن: تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر کوشتنی ئیقبال مورادی دەستگیرنەکراوە


ئیقبال مورادی چالاكوانی كوردی ئێران

زانا ڕه‌حمان قایمقامی قه‌زای پێنجوێن ده‌ڵێت " تا ئێستا نازانرێت ئیقبال مورادی تیرۆركراوه‌ یاخود كوشتنێكی ئاسایی بووه‌، چونكه‌ هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌ وه‌ هیچ كه‌سیش وه‌ك تۆمه‌تبار له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌."

هه‌فته‌ی ڕابردوو ته‌رمی ئیقبال مورادی كه‌ چالاكوانێكی كوردی ئێرانه‌ له‌ نزیك چه‌مێكی قه‌زاكه‌ دۆزرایه‌وه‌.

زانا ڕه‌حمان قایمقامی قه‌زای پێجوێن له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆیه‌كی ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شیی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكادا ده‌ڵێت"به‌راستی تا ئێستا ساغ نه‌بۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ "تیرۆر بوو یا كوشتن" وه‌ كێ ئه‌نجامی داوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و هێزه‌كانی ئاسایش به‌رده‌وام له‌لێكۆڵینه‌وه‌داین و به‌دوای سه‌ره‌داودا ده‌گه‌ڕێین كه‌ ئایا ئه‌مه‌ كوشتنه‌ یاخود تیرۆره‌؟ ئیشی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانیشه‌ كه‌ له‌هه‌ر تاوانێكدا ئه‌نجامده‌درێت سه‌ره‌تا كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و به‌دواداچون بكه‌ن ئه‌مانه‌ هه‌مووی كراوه‌ به‌ڵام به‌و حوكمه‌ی كه‌ له‌گوێی چه‌مێك بووه‌ له‌ شوێنێكی دوور ماڵی لێ نیه‌، كامێرای لێنیه‌ كرداری لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی قورستر كردووه‌،كاری لێكۆڵینه‌وه‌ی قورستر كردووه‌."

زانا ڕه‌حمان قایمقامی قه‌زای پێنجوێن
زانا ڕه‌حمان قایمقامی قه‌زای پێنجوێن

وتیشتی" هه‌تا لێكۆڵینه‌وه‌ش ته‌واو نه‌بێت ناتوانرێت دیاری بكرێت ئایا تیرۆر بووه‌ یاخود كوشتنی ئاسایی وه‌ ئایا كێ ئه‌م كاره‌ی كردووه‌."

قایمقامی قه‌زای پێنجوێن ئه‌وه‌شی وت" لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن هه‌موو ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌ بوون بۆ نمونه‌ جوتیارێكه‌ یاكه‌سێكه‌ بانگكراون بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و پرسیاریان لێكراوه‌ ئایا ئۆتۆمبێل یا جوڵه‌یه‌كی نائاساییان بینیووه‌، واته‌ پرسیاری لێكۆڵینه‌وه‌یان لێكراوه‌ ، به‌ڵام وه‌ك تۆمه‌تبار كه‌س ده‌ستگیرنه‌كراوه‌، به‌ڵام كسوكاره‌كه‌ی مافی خۆیانه‌ گومانیان له‌ ئێران هه‌بێت چونكه‌ ئه‌وانه‌ خه‌ڵكێكی سیاسین به‌س ئێمه‌ وه‌ك ئیداره‌ ناتوانین پێش ته‌واوبونی لێكۆڵینه‌وه‌كان بڵێین توركیایه‌ یا ئێرانه‌ یا كێییه‌ ."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌ته‌نها كه‌سوكاری نیه‌ گومانیان ل ئێران هه‌یه‌ به‌ڵكو به‌شێك له‌خه‌ڵكی هه‌مان گومانیان هه‌یه‌؟ زانا ڕه‌حمان قایمقامی قه‌زای پێنجوێن وتی" با ئێمه‌ واقیعی بین ئێران وڵاتێك نیه‌ هه‌رێمی كوردستان بتوانێت ڕێگه‌ی هاتوچۆی لێ بگرێت ئه‌وه‌تا له‌سوریا هێزی هه‌یه‌ و دژایه‌تی ئه‌مریكا و ڕوسیا و توركیا ده‌كات ، تیمی هه‌واڵگری ئێران له‌ ڤیه‌ننا و به‌رلین خه‌ڵكی وه‌ك(قاسملۆ و شه‌ره‌ف كه‌ندی) شه‌هید ده‌كات به‌م هه‌موو هێزه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی به‌ڵام ئێڕان كه‌سی یه‌كه‌می حیزبی دیموكرات شه‌هید ده‌كات شه‌ڕی هه‌واڵگری شه‌رێكی ئاڵۆز و قورسه‌."

XS
SM
MD
LG