Accessibility links

"به‌هۆی پێدانی ڕاپۆرت به‌كونسڵی توركیا له‌سه‌ر سلێمانی، توركیا سوره‌ له‌سه‌ر گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی"


فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی

"به‌هۆی پێدانی ڕاپۆرتی سیاسی به‌ كونسڵی توركیا له‌سه‌ر بارودۆخی سلێمانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ بۆ حكومه‌تی توركیا له‌لایه‌ن كونسڵه‌وه‌، توركیا سوره‌ له‌سه‌ر بڕیاری گه‌مارۆخستنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ئه‌مه‌ش به‌پێی وته‌كانی ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی. "

له‌دواین لێدوانیدا ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند" بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌مارۆخستنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌لایه‌ن توركیاوه‌ چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ كونسڵی توركیا كۆبومه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت وه‌ك ده‌زانرێت كونسڵی توركیا نوێنه‌ری ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌ بارودۆخ وێنه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی توركیا هه‌ندێك ڕاپۆرتی نادروست له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ده‌یگوازێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی توركیا.من چه‌ندین جار باسم كردووه‌ كه‌ هاوڵاتیانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ پێویستیان به‌خزمه‌تگوزاری هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر گروپێكی سیاسی له‌م ناوچه‌یه‌ هه‌بێت حكومه‌تی توركیا ناتوانێت به‌گه‌مارۆخستنه‌ سه‌ر هاوڵاتیانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات چه‌ندین هاوڵاتی و كۆمپانیای توركیا هه‌ن كه‌له‌م ده‌ڤه‌ره‌ كارده‌كه‌ن داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی كاری له‌وانیش كردووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كونسڵی توركیا ته‌نها گه‌یه‌نه‌ری ئه‌و ڕاپۆرتانه‌یه‌ و بڕیاره‌كه‌ش له‌حكومه‌تی توركیاوه‌ ده‌رده‌چێت."

به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌باره‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ی دا و وتی"حكومه‌تی توركیا له‌سه‌ر چه‌ندین ئاست ئه‌و بابه‌تانه‌ وه‌رده‌گرێت و كاردانه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌سوریا و ناوچه‌كه‌ هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك لایه‌ن هه‌یه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك ڕاپۆرت له‌سه‌ر هه‌ندێك گروپی سیاسی بڵاوبكاته‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ وه‌ ئێمه‌ به‌گشتی ئه‌وه‌نابینین گروپێك هه‌بێت زیانی هه‌بێت بۆ توركیا و كاربكاته‌ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا ئه‌و لایه‌ن و گروپانه‌ی له‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌ن ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌كوردستانی سوریا و توركیا و ئێران هه‌ن، له‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌مان ئه‌و گروپانه‌ له‌باكوری ئێران و سوریاش هه‌ن به‌ڵام من له‌وه‌ تێناگه‌م دانانی گه‌مارۆ له‌له‌یه‌ن توركیاوه‌ له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی چ مانایه‌كی هه‌یه‌؟! له‌كاتێكدا فڕۆكه‌خانه‌ ده‌زگایه‌كی سیاسی نیه‌ به‌ڵكو خزمه‌تگوزاریه‌ بۆ هه‌موو هاوڵاتیان."

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌" به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ هاوڵاتیان و حكومه‌تی خۆجێی و هه‌موو لایه‌ك كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی دراوسێ به‌تایبه‌ت توركیا بپارێزن."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كێن ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی به‌وته‌ی خۆت ڕاپۆرتی نادروست له‌سه‌ر سلێمانی ده‌ده‌ن توركیا؟ ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا وتی" من له‌سیاسه‌تدا كارناكه‌م و پۆسته‌كه‌ی من دووره‌ له‌سیاسه‌ت به‌ڵكو پۆستێكی خزمه‌تگوزاریه‌ بۆ هه‌مووان بێ جیاوازی، به‌ڵام من وای بۆ ده‌چم ڕاپۆرتی نادروست و نابه‌جێ بدرێت به‌ كونسڵی توركیا له‌كاتێكدا وه‌ك وتم من له‌سیاسه‌تدا كارناكه‌م به‌ڵام وای نابینم هیچ شتێك له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌بێت زیانی بۆ توركیا هه‌بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ حكومه‌تی توركیا باوه‌ڕم نیه‌ حكومه‌تی توركیا له‌سه‌ر هه‌ندێك شتی ئاسایی ئه‌مه‌ بكات له‌كاتێكدا ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و توركیا گرنگه‌ ."

ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی-فۆتۆ\ژیار محه‌مه‌د
ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی-فۆتۆ\ژیار محه‌مه‌د

پێشتر له‌دوای بڕیاری حكومه‌تی عیراقی بۆ هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ شارستانیه‌كان له‌مانگی سێی ئه‌مساڵ ، بیناڵی یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له‌به‌رده‌م ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی وڵاته‌كه‌ی وتی"له‌دوای ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان وڵاته‌كه‌ی بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕووی فڕۆكه‌كانی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی داوه‌،به‌ڵام له‌مڕۆوه‌ ئه‌و گه‌شتانه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌."

یه‌ڵدرم وتیشی"بڕیاری كردنه‌وه‌ی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌ته‌نها بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌ و سلێمانی ناگرێته‌وه‌ ."

هه‌روه‌ها چه‌ندجارێكی دیكه‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی توركیا باسیان له‌وه‌كردووه‌ چه‌ند گروپێك له‌ناو سلێمانیدا هه‌ن هاوكاری چه‌كداره‌ كورده‌ سه‌رهه‌ڵدراوه‌كانی دژ به‌حكومه‌تی توركی ده‌كه‌ن."

هه‌رئه‌وكات ئه‌ندازیار تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی توركیای دژ به‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی به‌ بڕیاری سیاسی ناوبردبوو."

له‌دوای ڕیفراندۆمی (٢٥)ی ئه‌یلولی ساڵی ڕابردوو له‌هه‌رێمی كوردستان،حكومه‌تی عیراقی بڕیاری داخستنی ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانی به‌ڕووی گه‌شته‌ شارستانیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان دا،به‌ڵام له‌دوای نزیكه‌ی شه‌ش مانگ، له‌مانگی(٣)ی ئه‌مساڵ، به‌بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق گه‌مارۆی سه‌ر ئاسمانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ شارستانیه‌كان هه‌ڵگیرا."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:53 0:00

XS
SM
MD
LG