Accessibility links

پۆلیس: بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی کۆنی فڕۆکەیەکی جەنگی جیهانی دووەمەوە لە میونشن 4 کەس برینداربوون


پۆلیسی ئەڵمانیا وتی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی کۆنی فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی جەنگی جیهانی دووەمەوە لەسەر پردێک لە قەرەباڵغترین وێستگەی شەمەندەفەری شاری میونشن، چوار کەس برینداربوون.

یەکەی ئاگرکوژێنەوەی میونشن وتی یەکێکیان بە سەختی برینداربوون.

جێی ئاماژەیە ساڵانە زیاتر لە 2000 تەن لە بۆمب و تەقەمەنی لە ئەڵمانیا دەدۆزرێنەوە، دوای زیاتر لە 70 ساڵ لە کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم.

لە جەنگی جیهانی دووەمدا فڕۆکە جەنگیەکانی بەڕیتانیا و ئەمەریکا لەڕێی 1.5 ملیۆن تەن لە بۆمب بۆردومانی ئەڵمانیایان کرد و ئەوەش بووە هۆی کوژرانی 600,000 کەس. بەرپرسان دەڵێن لە سەدا 15 ی ئەو بۆمبانە نەتەقیونەتەوە، هەندێکیان 6 مەتر لەژێر زەویدا نێژراون.

پۆلیس وتی تەقینەوەکە لە شوێنێک ڕوویداوە کە لەو شوێنەدا تونێل دروستکراوە، ئاماژەشی بەوەدا دەوروبەری ناوچەکە تەوق دراوە.

وتیشی " هیچ مەترسییەک لە دەرەوەی ئەم ناوچەیەدا نیە."

شارەزایانی تەقینەوە بانگکراون بۆ پشکنینی پاشماوەی بۆمبەکە. بەهۆی تەقینەوەکەوە هاتوچۆی هێڵی شەمەندەفەرەکان ڕاگیراون، هێشتا نەزاندراوە کەی هێڵەکان دەکرێنەوە.

بۆمبەکانی جەنگی جیهانی دووەم زۆر کات لەکاتی دروستکردنی بینادا لە ئەڵمانیا دەدۆزرێنەوە، زۆر کاتیش لەلایەن شارەزایانەوە پوچەڵ دەکرێنەوە و بەشێوەیەکی گونجاو لەناودەبرێن، بەڵام لە ڕابردوودا تەقینەوەی کوشندەی بۆمبەکان هەبوون.

لە ساڵی 2010 دا سێ پۆلیسی شارەزا لە پوچەڵکردنەوەی بۆمبدا لە گۆتینگین گیانیان لەدەستدا، ئەوەش لەکاتێکدا بوو هەوڵی پوچەڵکردنەوەی بۆمبێکیان دەدا، لە ساڵی 2014 دا کرێکارێک لە ئیوسکریچین گیانی لەدەستدا کاتێک خاکەنازەکەی بەر بۆمبێک کەوت. لە ساڵی 1994 یشدا بەهۆی ڕووداوێکی هاوشێوەوە سێ کرێکاری بەرلین گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG