Accessibility links

بەرنامەی خۆراکی جیهان دەڵێت مەترسی برسێتی لەسەر چەند بەشێکی کەرتی غەززە هەیە


بەرنامەی خۆراکی جیهان دەڵێت لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە خۆراکێکی زۆر کەم گەیشتووەتەوە سەروو باشووری غەززەوە، وتیشی چەند بەشێکی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی بوونەتەوە.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە، بەهۆی جەنگەکەوە زۆربەی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی غەززە ئاوارەبوون و خۆراک و ئاو و پێداویستییە تەندروستیییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە کەرتەکەدا کەم بوونەتەوە.

بەپێی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان، زیاتر لە 25,000 کەس لە غەززە کوژراون، هەزاران کەسی دیکەش ترسی ئەوە هەیە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا نێژرابێتن.

وتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهان ئابیر ئیتیفا وتی " قورسە بگەیتە ئەو شوێنانەی غەززە کە دەمانەوێت دەستمان پێیان بگات، بە تایبەتی باکووری غەززە."

وتی " پێم وایە مەترسی برسێتی لە چەند بەشێکی غەززەدا هێشتا ماوەتەوە."

پێشتر لە جەنگەکەدا باکووری غەززە بۆ چەندین هەفتە دابڕێندرا لە یارمەتییە دەرەکییەکان، هاوکات هەندێک لە یارمەتییەکان لە میسڕەوە گەیەندرانە باشووری غەززە.

ئیتیفا وتی " سنووردانانێکی ڕێکخراو هەیە لەسەر دەستڕاگەیشتن بە باکووری غەززە، نەک تەنها بۆ بەرنامەی خۆراکی جیهان."

وتی " لەبەرئەوەیە خەڵک دەبینین بە پەرۆشترەوەن و ئارامییان نەماوە بۆ چاوەڕێکردن بۆ دابەشکردنی خۆراک. چونکە دابەشکردنی خۆراک لەو ناوچانە ماوە بە ماوەیە. بەردەوام خۆراکییان دەست ناکەوێت، هیچ متمانەیەکیشییان بەوە نەماوە کە ئەم کاروانانە جارێکی دیکە بێنەوە."

بەرنامەی خۆراکی جیهان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت وتی مانگی ڕابردوو سەرانسەری دانیشتوانەکەی غەززە ڕووبەڕووی کۆمەڵە قەیرانێک بوونەتەوە کە دەگەنە ئاستی برسێتی و مەترسییەکەش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

وتەبێژی حکومەتی ئیسڕائیل ئیلۆن لێڤی ڕۆژی سێشەممە وتی " هیچ سنووردارکردنێک نیە لەسەر چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان."

وتی " ئەو کارەکتەرە نێودەوڵەتییانەی کە دەیانەوێت یارمەتی زیاتر ببینن لە غەززە پێویستە یارمەتی زیاتر بنێرن. هێشتا کێشەیەکمان هەیە لەسەر ئەوەی کە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن بە خێرایی یارمەتییەکە دابەش بکەن چونکە ئیسڕائیل پڕۆسەیان دەکات."

بەڵام ئۆفیسی دەزگای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی بەرپرسانی ئیسڕائیل بە شێوەیەکی ڕێکخراو ڕێگری لێدەکەن لە دەستڕاگەیشتنی بە باکووری غەززە.

دەزگاکە وتی لە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی یەکدا دەزگا مرۆییەکان پلانی 29 ئەرکی گەیاندنی پێویستییە سەرەتاییە گرنگەکانییان هەبووە بۆ باکووری کەرتی غەززە، بۆ باکووری وادی غەززە.

تەنها لە سەدا 24 ی ئەرکەکان ڕێگەیان پێدرا جێبەجێ بکرێن یاخود بەشێکییان جێبەجێ بکرێن، ئەوەش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر بووە لە مانگەکانی پێشووتر.

دەزگاکە وتی " ئەم ڕەت کردنەوانە ڕێگری دەکەن لە زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان." وتیشی بەهۆی کۆتوبەندە درێژخایەنەکانی ئیسڕائیلەوە لەسەر هاوردەکردنی کەلوپەلی مرۆیی هەستیار بۆ ناو غەززە ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG