ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە ئۆکرانیا ڕێگەیان گرتووە لەبەردەم گەیشتنی یارمەتییە تەندروستییە بەپەلەکان و تیمە تەندروستییەکاندا بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستییان بە یارمەتییە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نزیکەی 218 مەتر تەنی لە یارمەتی تەندروستی بەپەلەی ڕەوانەی ئۆکرانیا کردووە. نزیکەی دوو لەسەر سێی یارمەتییەکان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، زۆرینەی شوێنەکانیش ڕۆژهەڵات و باکووری وڵاتەکە بوون کە لەو ناوچانە یارمەتییە تەندروستییەکان زۆر پێویستن.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی 15 مۆلیدەی لە کۆگاکەی لە لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا دەرکردووە و دەیەوێت لەم هەفتەیەدا ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سەرانسەری ئۆکرانیایان بکات. وتەبێژی ڕێکخراوەکە بانو باتناگەر لە لڤیڤ وتی ڕەوانەی لوهانسک و دۆنێتسکی ڕۆژهەڵات دەکرێن. شەڕ و پێکدادانەکان لەوێ زۆرن و کاریگەرییەکی گەورەشی لەسەر پێدانی کارەبا هەبووە.
وتیشی " تەنها لە کاتێکدا مۆلیدەکان دەجوڵێنین بۆ شوێنە مەبەستەکان کاتێک بتوانین دڵنیا ببینەوە لە پارێزراوی کارمەندانمان و ئەو بارە گرنگەی کە دەیگوازنەوە. ئەم مۆلیدانە یارمەتیدەر دەبن لە پێدانی کەمترین وزەی پێویست بۆ یەکە تەندروستی و نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەکاندا، کە کارەبا تیایاندا سنووردارە یاخود بوونی نیە."
وتیشی هەبوونی سەرچاوەیەکی کارەبا کە بتوانرێت پشتی پێببەستیت زۆر گرنگە، ئاماژەی بەوەدا بڕانی کارەبا لە ناکاو لەوانەیە دەرەنجامێکی زۆر خراپی لەسەر نەخۆشەکان هەبێت. وتیشی چارەسەرکردنی نەخۆشەکان لەو ژینگە مەترسیدارەدا زۆر سەختتر بووە.
ئەوەشی خستەڕوو تاوەکو ئێستا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی 147 هێرشی بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان و ئوتومبێلەکانی فریاکەوتن و کارمەندانی تەندروستی ئۆکرانیا پشتڕاست کردۆتەوە. وتیشی لانی کەم 73 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 52 کەسی دیکە برینداربوون، هێرشەکانی لەمجۆرە هۆکارن بۆ ڕێگەگرتن لە گەیشتنی یارمەتییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستییانە.
باتناگەر وتیشی " زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتەکەدا بەڕاستی هەڕەشەن بۆ سەر دابینکردنی یارمەتییەکان بۆ هەندێک لەو ناوچانەی کە پێویستییانە. بۆ ئەوەی مەترسییەکان کەم بکەینەوە، بەخشینەکانمان بۆ وەزارەتی تەندروستی ئۆکرانیا زیاتر کردووە. هەروەها بیرمان لە ئەگەری دابینکردنی شوێنی زیاتر کردۆتەوە بۆ ئەوەی یارمەتییەکانی تێدا دابنێین تاوەکو تۆڕێک لە کۆگاکان دروست بکەین و بگەیەندرێنە ئەو ناوچانەی کە پێویستییانە."
جێی ئاماژەیە لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا شاری ماریوپۆڵ بەردەوام لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە بۆردومان کراوە. شارەکە خاپوور کراوە و گوایە هەزاران کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکە لە شارەکەدا گیرییان خواردووە.
باتناگەر وتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ترسێکی زۆری هەیە سەبارەت بە سیستمی تەندروستی ماریوپۆڵ. وتی هیچ کەس ناتوانێت بچێتە شارەکەوە. بەڵام ئاماژەی بەوەدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مۆلیدەکان و پێداویستییەکانی دیکە لە نزیک ماریوپۆڵ دادەنێت. ئەمەش بۆ ئەوەی هەر کاتێک ڕێگەدرا بچنە شارەکەوە دەستبەجێ ئامادە بن و پێداویستییە تەندروستییەکان بگەیەننە شارەکە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: ململانێکانی ئۆکرانیا ڕێگەیان لە گەیشتنی یارمەتییە تەندروستییەکان گرتووە
