ڕێکخراوی تەندروستی جیهان ڕۆژی دووشەممە وتی بۆ ساڵی 2024 پێویستی بە 1.5 ملیار دۆلار هەیە تاوەکو یارمەتی تەندروستی بۆ دەیان ملیۆنان خەڵک دابین بکات کە لە قەیرانی تەندروستی بەپەلەدا گیرییان خواردووە، بە ئۆکرانیا و غەززەشەوە.
ڕێکخراوەکە هۆشداریدا و وتی پێشبینی دەکرێت لەم ساڵدا نزیکەی 300 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی و پاراستن هەبێت.
بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسیوس لە بۆنەیەکدا لە جنێڤ وتی لە نێو ئەو 300 ملیۆن کەسەدا " نزیکەی 166 ملیۆن کەسییان پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی تەندروستی ژیان ڕزگارکەر هەیە."
وتی ڕێکخراوەکەی ئامانجی ئەوەیە یارمەتی نزیکەی 87 ملیۆن کەس بدات کە پێویستییانە، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەش پێویستی بە 1.5 ملیار دۆلار هەیە.
وتی " لە کاتێکدا کە ساڵی 2024 دەستپێدەکات، ڕێکخراوی تەندروستی جیهان دەستیکردووە بە وەڵامدانەوەی 42 قەیرانی تەندروستی، 15 قەیرانییان لە ئاستێکی زۆر بەرزی بەپەلەدان."
وتی ئەوانەی ڕووبەڕووی ئەو قەیرانانە بوونەتەوە " ڕووبەڕووی دەستپێکێکی بە ئازاری ساڵی نوێ بوونەتەوە، کە لەسەر پشتی ساڵی 2023 دێت کە ساڵێک بوو پڕ لە ئازارێکی توند کە دەکرا خۆی لێبەدووربگیردرێت."
گیبریسیوس باسی لە چەندین ململانێ کرد، لە ئۆکرانیاوە بۆ سودان و غەززە، وتی لە ساڵی 2023 دا " بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە " منداڵێک لە نێو پێنج منداڵدا لەسەر ئاستی جیهان، یان ئەوەتا لە ناوچەیەکی شەڕدا ژیاوە یان لە ناوچەیەکی شەڕ هەڵاتووە.
هەروەها باسی لە خراپبوونی گۆڕانی کەش و هەوا کرد، ساڵی ڕابردوو بە گەرمترین ساڵ داندرا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
وتی " ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ تەندروستی، لە برسێتییەکی زۆرەوە کە بەهۆی وشکەساڵییەوە لە هۆڕنی ئەفریکا زیاتر بوو، بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان کە بەهۆی گۆڕانی زنجیرەی کەش و هەواوە دروست بوون."
وتیشی لە ساڵی 2023 دا تەنها لە سەدا 12 ی ئەو پارەیەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە داواکرا بوو بۆ یارمەتییەکان تەرخان کراوە. وتی " ئەمە دڵشکێنە، دەکرێت وانەبێت، لەبەر ئەمەیە کە لە ساڵی 2024 دا دەبێت باشتر بین."
سەرچاوە/ فرانس پرێس
ڕێکخراوی تەندروستی جیهان هەوڵی 1.5 ملیار دۆلار دەدات بۆ یارمەتی تەندروستی بەپەلە بۆ ساڵی 2024
