Accessibility links

شاندەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانان لەمیانەی وتارەکەی لاڤرۆڤدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆڵەکە جێدەهێڵن


دیبلۆماتکاران لەمیانەی وتارەکەی لاڤرۆڤدا هۆڵەکە جێدەهێڵن، نەتەوە یەکگرتووەکان
دیبلۆماتکاران لەمیانەی وتارەکەی لاڤرۆڤدا هۆڵەکە جێدەهێڵن، نەتەوە یەکگرتووەکان

لە میانەی وتارەکەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا لە کۆڕبەندی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 100 دیبلۆماتکاری نزیکەی 40 وڵات و هاوپەیمانان بە ژاپۆنیشەوە هۆڵەکەیان جێهێشت، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک سەبارەت بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

بە چوونە دەرەوەی شاندەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و بەڕیتانیا و وڵاتانی دیکە، تەنها ژمارەیەکی کەم لە دیبلۆماتکاران لە هۆڵەکەدا مانەوە، لەوانەش باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گینادی گاتیلۆڤ کە پێشتر جێگری لاڤرۆڤ بووە، شاندەکانی سوریا و چین و ڤەنزوێلاش لەنێو ئەو شاندانەدا بوون کە لە هۆڵەکەدا مانەوە.

لەلایەکی دیکەوە سویسرای بێلایەن ڕۆژی دووشەممە سزای دارایی سەپاند بەسەر لاڤرۆڤدا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

لە وتارەکەیدا، لاڤرۆڤ یەکێتی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بەوەی چەکی کوشندە ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکەن لەمیانەی هەڵمەتە سەربازییەکەی ڕووسیادا کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەستیپێکرد.

لەنێو ئەو دیبلۆماتکارانەدا کە لەمیانەی وتارەکەی لاڤرۆڤدا هۆڵەکەیان جێهێشت، وەزیری دەرەوەی کەنەدا میلانی جۆڵی و وەزیری دەرەوەی دانیمارک یێپی کۆفۆد و باڵیۆزی ئۆکرانیا ییڤیهێنیا فیلیپێنکۆی تێدا بوو.

فیلیپێنکۆ وتی " ئەمە دەرخستنی پشتیوانییەکی بێ وێنەیە بۆ ئۆکرانییەکان کە بۆ سەربەخۆیی خۆیان دەجەنگن."

وەزیری دەرەوەی کەنەدا مێڵەنی جۆڵی وتی " وەزیری لاڤرۆڤ باسی لە بۆچوونەکەی خۆی دەکرد سەبارەت بەوەی کە لە ئۆکرانیا ڕوودەدات و هەڵە بوو. لەبەر ئەوە بوو ویستمان پێکەوە هەڵوێستێکی زۆر بەهێز پیشان بدەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG