Accessibility links

وڵاتانی ڕۆژئاوا یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاتر دەکەن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین، سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز.. بڕۆکسل
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین، سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز.. بڕۆکسل

ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی هێزەکانیان لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پتەوتر بکەن و یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکەن و سزاکانی سەر ڕووسیا توندتر بکەنەوە.

هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕایگەیاند هێزە شەڕکەرەکانیان بۆ چوار وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕەوانە دەکەن، هاوکات ئەمەریکا و بەڕیتانیا سزای دیکەیان سەپاند بەسەر ڕووسیادا.

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ بە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپای وت " دەبێت دڵنیا ببینەوە لەوەی بڕیاردان لەسەر داگیرکردنی وڵاتێکی خاوەن سەروەر شکستێکی ستراتیژییە و دەرەنجامێکی وێرانکەری بۆ پوتن و ڕووسیا دەبێت."

کۆمەڵێک وڵات یارمەتی سەربازیی و مرۆیی دیکەیان بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند، لەوانەش وەرگرتنی پەنابەرانی ئۆکرانیا. یەکێتی ئەوروپاش هێشتا هەنگاوەکانی ئاشکرا نەکردووە سەبارەت بەوەی چی دەکات تاوەکو چیتر پشت بە وزەی ڕووسیا نەبەستێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوایکرد بەتەواوەتی وزەی ڕووسیا بایکۆت بکرێت، بەڵام هێشتا هەندێک وڵات ئەو داوایەیان پەسەند نەکردووە.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە فەرمانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە 24 ی مانگی دوودا دەستیپێکرد، جەنگەکە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و 3.6 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی ناچارکردووە وڵاتەکەیان جێبهێڵن، شارەکانیش وێرانکراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە نیوەی منداڵانی ئۆکرانیا ناچارکراون لە ماڵەکانیان هەڵبێن.

پەنابەرێکی ئۆکرانی بە ناوی سڤیتلاناوە وتی " داوای پاراستن دەکەین لە بۆردومانەکانی ڕووسیا، نەک تەنها لەڕێی دابینکردنی پێداویستیەوە بەڵکو لەڕێی هێزێکی سەربازیی ئاشتی پارێز و پیشەگەریشەوە یارمەتیمان بدەن."

لەلای خۆیەوە ڕووسیا وەڵامی یەکگرتووییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژئاوای دایەوە و وتی ڕۆژئاوا بەرپرسە لەو جەنگە چونکە ئەوان " ڕژێمی کیێڤیان " پڕچەک کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG