بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی وتی کۆریای باکوور ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لەسەر هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ناسراو بە " وەنە کڕای " کە زۆرێک لە نەخۆشخانەکان و بانقەکان و کۆمپانیاکانی جیهانی کردۆتە ئامانج لەمساڵدا.
ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی تۆم بۆسەرت لە نوسراوێکدا کە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ بڵاویکردۆتەوە دەڵێت " هێرشەکە بەرفراون بووە و زیانی بلیۆنان دۆلاری داوە و کۆریای باکوور ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لەو هێرشە ئەلیکترۆنیە."
وتیشی هەر کەسێک زیان بگەیەنێت بە ئەمەریکا بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا ئەمەریکا چ ڕێوشوێنێک دەگرێتە بەر دژی کۆریای باکوور و تەنها وتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەسەر فشارە داراییەکان بۆ سەر پیۆنگیانگ.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا وتی واچاوەڕواندەکرێت کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی فەڕمی دەربکات و کۆریای باکوور تاوانبار بکات لەسەر ئەو هێرشانە.
بەرپرسەکە وتیشی ئەمەریکا متمانەی تەواوی هەیە کە کۆمەڵەیەک بە ناوی کۆمەڵەی لازارۆسەوە لەجیاتی حکومەتی کۆریای باکوور کاردەکەن و ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە کە ناسراوە بە " وەنە کڕای ". بەرپرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی باس لە وردەکاریەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە بکات کە حکومەت ئەنجامی دەدەن.
وتیشی سەرکۆنەکە تۆمەت ناخاتە پاڵ کەس و لایەنی دیاریکراو، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکە دەخاتە ئەستۆی کۆریای باکوور و وای لێدەکات نەتوانێت دووبارە ئەو هێرشانە ئەنجام بداتەوە.
لەلای خۆشیانەوە پیۆنگیانگ چەند جارێک ڕەتیان کردۆتەوە دەستیان هەبێت لە هێرشی ئەلیکترۆنی وەنە کڕایدا و دەڵێن ئەو تۆمەتانە تەنها بۆ ناوزڕاندنمانە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز