گروپی بەکرێگیراوی سەربازی تایبەتی واگنەری ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات لە کۆتاییدا شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەوەش دوای درێژترین و خوێناوترین شەڕی جەنگەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، هاوکات کیێڤ کەوتنی شارەکەی ڕەت کردەوە و وتی دۆخەکەی ناو باخموت هەستیارە.
سەرکردەی گروپی واگنەر یەڤیگنی پریگۆژین وتی هێزەکانی لە کۆتاییدا ئۆکرانییەکانیان لە شارەکە دوورخستۆتەوە، ئەگەر ئەمە پشتڕاست ببێتەوە، ئەوا یەکەمین دەستکەوتی گەورەی ڕووسیا دەبێت لە ماوەی زیاتر لە 10 مانگدا.
پریگۆژین کە بەردەوام سەرکۆنەی سوپای ئاسایی ڕووسیای کردووە، وتی هێزەکانی واگنەر لە ماوەی پێنج ڕۆژدا لە باخموت دێنە دەرەوە تاوەکو پشوو بدەن، شارە وێرانبووەکە ڕادەستی سوپای ئاسایی ڕووسیا دەکەن.
پریگۆژین لە ڤیدیۆیەکدا کە بە جلی سەربازییەوە دەبیندرێت و کۆمەڵێک شەڕکەری لەگەڵدایە و ئاڵای ڕووسیا و دروشی واگنەرییان بەرزکردۆتەوە، وتی " ئەمڕۆ لە کاتژمێر 12 ی نیوەڕۆدا باخموت بە تەواوەتی گیرا. بە تەواوەتی سەرانسەری شارەکەمان گرت، ماڵ بە ماڵ."
وتەبێژی سوپای ئۆکرانیا سێرهێی چیریڤاتی بە ڕۆیتەرزی وت " ئەمە ڕاست نیە. یەکەکانمان لە باخموت شەڕ دەکەن."
جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا هانا مالیار وتی " شەڕێکی سەخت لە باخموتدا هەیە. دۆخەکە هەستیارە."
وتیشی " لە ئێستادا بەرگریکارانمان هەندێک لە دامەزراوەکانی پیشەسازی و ژێرخانییان لە ناوچەکە و کەرتی تایبەتدا کۆنتڕۆڵ کردووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز