Accessibility links

ڤێتنام دەڵێت ئامادەیە میوانداری کۆبوونەوەی دووەمی نێوان سەرۆک ترامپ و ڕێبەری کۆریای باکور بکات


Vietnam

سەرۆک وەزیری ڤێتنام دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە میوانداری سەرۆکی ئەمەریکا و ڕێبەری کۆریای باکور بکات، لەم کاتەی باس لە شیانی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووەمی نێوان ئەو دوو ڕێبەرە دەکرێت بە ئامانجی نەهێشتنی چەکی ناوکی لە نیمچە دورگەی کۆریا.

نگوێن شوان فوک دوێنێ پـێنچشەممە لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بلومبێرگ گوتی ئامادەن پـێشوازی لە دانۆڵد ترامپ و کیم جۆنگ ئون بکەن. گوتیشی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام ئەگەر بڕیار درا کۆبوونەوەکە لە ڤێتنام بەڕێوەبچێت ئەوا هانۆی هەرچ کارئاسانیـیەک لە توانایدابێت دەیکات بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە.

پـێشتر سەرچاوەیەک لە حکومەتی ڤێتنام بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتبوو ئامادەکاری لۆجستی دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و ڕێبەری کۆریای باکور لە وڵاتەکەیان، بەڵام گوتیشی هێشتا بە فەرمی هیچ بڕیارێک نەدراوە.

چاودێران دەڵێن ڕەنگە کۆبوونەوەکە لە هانۆی پایتەخت یان لە شاری دانانگی ناوەندی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت.

شاری دانانگ لە ئێستادا شوێنێکی گەشتیاریـیە و لە سەردەمی شەڕی ڤێتنام بنکەیەکی ئاسمانی لێبوو کە لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی ڤێتنامی باشور بەکاردەهێنرا.

ڤێتنام یەکێکە لە وڵاتەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە پەیوەندی دیپـلۆماسیـیان لەگەڵ ئەمەریکا و کۆریای باکور هەیە.

لە ئێستادا ئەمەریکا پەیوەندیـیەکی باشی لەگەڵ ڤێتنامدا هەیە و هەردوو وڵات پەرەیان‌داوە بە پەیوەندیـیە ئابوری و بازرگانیـیەکانی نێوانیان.

XS
SM
MD
LG