Accessibility links

لەشکری ڤەنزوێلا دەڵێت ژمارەیەک سەرباز یاخیبوون و دەستگیرکراون


لەشکری ڤەنزوێلا دەڵێت شکستی یاخیبوونێکی لەشکری هێناوە کە یەکەیەکی پاسەوانانی نیشتمانی پێی هەستابوو لە دژی سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ.

لەشکر ئەمڕۆ لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاژمێر 2:50 بە کاتی خۆجێی کۆمەڵێکی بچوک لە سەربازانی پاسەوانانی نیشتمانی ئەفسەرێکیان دەستبەسەرکردبوو کە بەرپـرسی بنکەی پـۆلیسی ڕۆژئاوای کەراکاسی پایتەختە. پاشان بە دوو ئۆتۆمبیلی لەشکری بە نێو پایتەخت ڕۆیشتوون بۆ ناوچەی پـێتارێی هەژارنشین و لەوێش لە بنکەیەکی لەشکری کۆمەڵێک چەکیان بردبوو.

دواتر هێزەکانی حکومەت لە بنکەیەکی پاسەوانانی نیشتمانی کە 3 کیلۆمەتر لە کۆشکی میرافۆرسی سەرۆکایەتیـیەوە دورە ڕووبەڕووی یاخیبووەکان بوونەتەوە و دەستگیریانکردوون.

ڤلادیمیر پادرینۆ لۆپێز وەزیری بەرگری ڤەنزوێلا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی "هەر کەسێک دەستبداتە چەک بە نیازێکی خراپ ئەوا بە توندی بەپـێی یاسا سزادەدرێت."

پـێشتر یاخیبووەکان چەند پارچە ڤیدیۆیەکی خۆیان لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکردەوە و تیایاندا داوای پشتیوانیان لە خەڵک کرد. لە پارچە ڤیدیۆیەکیاندا یەکێکیان ڕووی دەمی لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد و گوتی" ئێمە سەربازین لە پاسەوانی نیشتمانی و دان‌نانێین بەم ڕژێمە و ڕەتیدەکەینەوە، پـێویستمان بە پشتیوانی ئێوەیە، بڕژێنە سەر جادەکان."

هاوکات لە ناوچەی کۆتیزای پایتەخت خۆپـیشاندەران ڕژانە سەر جادەکان و دروشمی دژی حکومەتیان گوتەوە.

XS
SM
MD
LG