Accessibility links

ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا حکومەتە کاتییەکەی گوایدۆ هەڵدەوەشێنێتەوە


خوان گوایدۆ
خوان گوایدۆ

کۆبوونەوەی گشتی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا حکومەتە کاتییەکەی خوان گوایدۆی هەڵوەشاندەوە، خوان گوایدۆی وەکو سەرۆکی کاتی لابرد و حکومەتەکەی هەڵوەشاندەوە و کۆمسیۆنێکی پێکهێنا بۆ فەرمانڕەواییکردنی سەرمایە دەرەکییەکانی وڵاتەکە، لە کاتێکدا کە یاسادانەران هەوڵی بەرەیەکی یەکگرتوو دەدەن پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024.

لە ساڵی 2019 دا گوایدۆ دەستووری بەکارهێنا و دەنگی تەواوی بە دەستهێنا بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا کە ئەمەریکا و کۆمەڵێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان پشتیوانییان لێکرد، ئەوەش دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 ی ڤەنزوێلا بوو کە دووبارە نیکۆلاس مادورۆ وەکو سەرۆکی ڤەنزوێلا هەڵبژێردراوە و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان وتیان ساختەکاری تێدا کراوە و ئەنجامەکانیان ڕەت کردەوە.

سەرەڕای حکومەتە کاتییەکەی خوان گوایدۆ، مادورۆ لە دەسەڵاتدا مایەوە و نزیکەی سەرجەم دامەزراوە و هێزەکانی ئاسایشی ڤەنزوێلای لە ژێر دەستدا مایەوە، هاوکات پشتیوانییەکان لە حکومەتە کاتییەکەی گوایدۆش کەمبوونەوە کە هەندێک لە سەرمایە دەرەکییەکان و چەند باڵیۆزخانەیەکی لە ژێر دەستدا بوو.

سێ گروپ لە چوار گروپە سەرەکییەکەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا بڕیارێکیان پەسەند کرد بۆ دوورخستنەوەی گوایدۆ و پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی پێنج ئەندامی بۆ بەڕێوەبردنی سەرمایە دەرەکییەکان، بە تایبەتی کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی سیتگۆ کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە.

لایەنگران دەڵێن کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە دەرەکییەکان لە ژێر مەترسیدا نین و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە کاتییەکە پێویستە بۆ یەکگرتوویی ئۆپۆزسیۆن پێش هەڵبژاردنەکان.

خوان میگێل ماثیوسی یاسادانەری حزبی جەستیس فێرست کە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە، وتی " ئامڕاز هەن بۆ پاراستنی سەرمایەکان لە ئەمەریکا و بەڕیتانیا و پورتوگال."

ڕەشنووسی دوورخستنەوەی حکومەتە کاتییەکە و ڕەشنووری پێکهێنانی کۆمسیۆنە نوێیەکە هەردووکیان دەنگدانیان لەسەرکرا و 72 یاسادانەر بەرامبەر 29 لە بەرژەوەندی لابردنی حکومەتە کاتییەکە و پێکهێنانی کۆمسیۆنەکە دەنگیاندا.

گوایدۆ کە حزبەکەی پشتیوانی لە هەوڵەکە نەکرد، داوای لە یاسادانەران کرد کەسێکی دیکە بخەنە شوێنی نەک حکومەتە کاتییەکە هەڵبوەشێننەوە.

گوایدۆ دوای دەنگدانەکە بە یاسادانەرانی وت " هەڵوەشاندنەوەی ئەمە بازدانە بۆ ناو دۆزەخ. ئەوە لە ناودەبات کە دەکرا بهێڵدرێتەوە."

حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا هیوادارن ئەمەریکا مۆڵەتی پاراستنی کۆمپانیای سیتگۆ نوێ بکاتەوە کە لە مانگی یەکدا بەسەردەچێت.

وتەبێژێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئۆپۆزسیۆن و کۆبوونەوە گشتییەکە و حکومەتی کاتی، " سەرەڕای ئەوەی چی جۆرە شێوازێک وەردەگرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG