Accessibility links

هاوپەیمانێتی مادورۆ لە هەڵبژاردنەکانی ڤەنزوێلادا سەرکەوت


هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆ دووبارە دەسەڵاتی بەسەر پەرلەمانی وڵاتەکەدا گرتەوە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمەش دوای ئەوەی حیزبە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەنگ نەدەن.

لە کۆی 5.2 ملیۆن دەنگ، هاوپەیمانێتی مادورۆ لە سەدا 67,7 ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی هەڵبژاردنەکان ئاندێرا ئالفۆنزۆ.

ڕوونیشی کردەوە بەشێکی کەم لە ئۆپۆزسیۆن بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و لەسەدا 18 ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ کە پێی وایە دەسەڵاتەکەی مادورۆ نایاساییە، داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی کرد.

ڕێژەی ئەوانەی دەنگیان نەدا گەیشتە لە سەدا 69، ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن کە داوایان کرد " خەڵکەکە لە ماڵەوە بمێننەوە."

زیاتر لە 50 وڵات لەسەرووشیانەوە ئەمەریکا ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆیان وەکو سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ناساندووە، گوایدۆ وتی " ڕەت کردنەوەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن زۆرینەی گەلی ڤەنزوێلاوە ڕوون و ئاشکرا بوو، ڤەنزوێلا پشتی کردە مادورۆ و گەندەڵییەکانی."

لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ هەڵبژاردنەکانی ڤەنزوێلای بە " گاڵتەجاڕی " ناودێر کرد و وتی " ئەوەی ئەمڕۆ لە ڤەنزوێلا ڕوودەدات ساختەکاری و گاڵتەجاڕییە."

وتیشی " ئەو ئەنجامانەی ڕژێمەکەی نیکۆلاس مادورۆ ڕایگەیاندووە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی ڤەنزوێلا نیە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG