بەپێی بەیاننامەیەک کە ڕۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانێکدا بۆ ڤەنزوێلا لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە نیکۆلاس مادورۆدا کۆبۆتەوە و تاوتوێی پێویستییەکانیان کردووە بۆ " وریاییان لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانیاندا دژی فشارە دەرەکییەکان."
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان تیشک دەخاتە سەر پتەوی هاوپەیمانێتییەکەی نێوان ڤەنزوێلا و ئێران کە هەردووکیان لە ژێر سزاکانی ئەمەریکادان.
مادورۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەگەڵ عەبدوڵاهیاندا کۆبۆوە، وتی " دڵنیام لەوەی پەیوەندییەکانمان پتەوتر دەبن لە ڕووی تەکنەلۆجیا و پیشەسازی و زانستی و کلتورییەوە کە سوودی بۆ گەلانمان دەبێت." وتیشی کۆبوونەوەکە " بەرهەمی " هەبووە.
مادورۆ لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا سەردانی تارانی کرد، لە میانەی ئەو سەردانەدا ڕێککەوتنێکی 20 ساڵیی لەگەڵ ئێراندا واژۆ کرد و وتی " بەرەیەکی گەورە " دەکاتەوە بە ڕووی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لە کەرتەکانی پیتڕۆڵیۆم و پیترۆکیمیایی و بەرگریدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوو لایەنەکە جەختیان لە پتەوکردن و چاودێریکردنی پڕۆژەکان و خێراکردنی جێبەجێکردنیان کردۆتەوە، هەروەها جەختیان لە وریاییان کردۆتەوە لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانیان دژی فشارە دەرەکییەکان."
وتیشی " هەروەها پێشوازییان لە زیادبووونی پەیوەندییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکان کردۆتەوە لە نێوان بەرپرسانی دوو وڵاتەکەدا."
ئێران و ڤەنزوێلا هەردووکیان بەرهەمهێنەری نەوتن و ئەندام لە گروپی ئۆپیکدا.
لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا کۆتوبەندەکانی سەر نەوتی خاوی ڤەنزوێلای کەمتر کردۆتەوە، هاوکات فەڕەنسا داوای هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەی کردووە، بە هاوردەکردنی وزە لە ڤەنزوێلاشەوە.
زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڤەنزوێلا بووەتە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی پێداویستی تەندروستی و ئوتومبێل و تراکتۆر و کۆمەڵێک شتی دیکە.
حکومەتەکەی مادورۆ 12.4 ملیۆن دۆنم زەوی تەرخانکردووە بۆ وەبەرهێنان لە کشتوکاڵدا لەلایەن کۆمەڵێک وڵاتەوە، کە ئێرانیشیان تێدایە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
سەرۆکی ڤەنزوێلا و دیپلۆماتێکی ئێران تاوتوێی هاریکاریی بەرگری دژی ' فشارە دەرەکییەکان ' دەکەن