Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا جەخت لەوە دەکاتەوە وڵاتەکەی ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی نەبۆتەوە


وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا خۆرخی ئاریازا

وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا خۆرخی ئاریازا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند وڵاتەکەی ڕووبەڕووی قەیرانی مرۆیی نەبۆتەوە و ئاماژەشی بەوەدا ئامادەن هاریکارییەکان لەگەڵ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەهێزتر بکەن بۆ پشتیوانیکردن لە ئابووری وڵاتەکە.

ئاریازا ڕۆژی سێشەممە چاوی بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش کەوت، ئەمەش دووەمین کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ گۆتیرێشدا لەم مانگەدا لەنێوەندی گرژییەکانی نێوان ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ کە خۆی وەکو سەرۆکی کاتی وڵاتەکە ناساند و ڕابەری پارتی سۆشیالیستی یەکگرتووی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادورۆدا.

جێی ئاماژەیە نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ڤەنزوێلا نوێکردەوە کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە بۆتەوە و 2.3 ملیۆن هاوڵاتی ناچارکردووە لە وڵاتەکە هەڵبێن، بەڵام ئەو یارمەتییانە پێویستیان بە ڕەزامەندیی حکومەتەکەی مادورۆ هەیە.

ئاریازا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " با زۆر زیادەڕۆیی نەکەین لەم بابەتەدا، ئەمە قەیرانی مرۆیی نیە، باری ئابووری وڵاتەکەیە ڕووبەڕووی ئابڵۆقەدان بۆتەوە."

ئاریازا وتی ئەمەریکا بەرپرسیارە لەو ڕەوشەی ڤەنزوێلا و دووبارە جەختی لە هەڵوێستی حکومەتەکەی کردووە و وتی ئەمەریکا یارمەتییەکان وەکو هۆکارێکی سیاسیی بەکاردەهێنێت بەمەبەستی گۆڕینی ڕژێمەکە.

یارمەتییەکانی ئەمەریکا لە کۆڵۆمبیاوە دەگەنە سەر سنووری ڤەنزوێلا، بەڵام بە فەرمانی مادورۆ پردێکی سنووری گیراوە.

وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا وتی لەگەڵ گۆتیرێشدا گفتوگۆیان لەسەر چڕکردنەوەی هاریکارییەکانی نێوان ڤەنزوێلا و نەتەوە یەکگرتووکان کردووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

لە ماوەی ڕابردوودا لە کاراکاس حکومەتی ڤەنزوێلا دوو ڕێکەوتنی واژۆ کرد لەگەڵ هەریەک لە بەرنامەی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی مافەکانی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان " یونسێف " بۆ بەهێزکردنی بەرنامەی خۆراک لە خوێندنگاکاندا.

هەروەها گۆتیرێش هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی نیوان مادورۆ و گوایدۆدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

جێی ئاماژەیە گوایدۆ خۆی وەکو سەرۆکی کاتی وڵاتەکە ناساند و لەو کاتەوە نزیکەی 50 وڵات بە ئەمەریکاشەوە بە فەڕمی وەکو سەرۆکی کاتی ئەو وڵاتە ناساندوویانە. بەڵام هێشتا ڕوسیا و چین و هەندێک لە وڵاتانی ئەفریقا پشتیوانی لە مادورۆ دەکەن. ئەمەش دابەشبوونێکی نێودەوڵەتی دروست کردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانی خستۆتە بارێکی ئاڵۆزەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG