ئەکادیمیای ژیانی ڤاتیکان ستایشی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکای کرد سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەباربردنی منداڵان، گوتی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکا تەحەددای هەموو جیهانی کرد تاوەکو مامەڵە لەگەڵ پرسی ژیاندا بکات.
ئەکادیمیای ژیانی ڤاتیکان لە بەیاننامەیەکدا گوتی بەرگریکردن لە ژیانی مرۆڤ نابێت ببەسترێتەوە بە مافە تاکەکەسییەکانەوە، چونکە ژیان " پرسێکی گرنگی بەرفراوانی کۆمەڵایەتییە."
ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاری مێژوویی Roe Vs Wade ی ساڵی 1973 ی هەڵوەشاندەوە کە مافێکی دەستووری دابوو بە ئافرەتان بۆ لەباربردن، هەروەها لە سەرانسەری وڵاتەکەشدا کرایە یاسا. دادگای باڵای ئەمەریکا سەرکەوتنێکی گرنگی بۆ کۆمارییەکان و پارێزگارە دیندارەکان بەدەستهێنا کە دەیانەوێت پڕۆسەکە سنووردار بکەن یاخود قەدەغەی بکەن.
ئەکادیمیاکە گوتیشی " ئەو ڕاستییەی کە وڵاتێکی گەورە بە کلتورێکی درێژخایەنی دیموکراسییەوە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەم پرسە بگۆڕێت، تەحەددایەکە بۆ هەموو جیهان."
لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن سەرکۆنەی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکای کرد و گوتی " ئەمە ڕۆژێکی خەمناکە " بۆ ئەمەریکا و گوتیشی بڕیارەکەی پارێزگارەکانی دادگاکە " بڕیارێکی توندڕەوانەیە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز