Accessibility links

پـۆلیسی هۆڵەندا وێنەی گومانبارێکی هێرشەکەی شاری ئوتریخت بڵاودەکاتەوە


پـۆلیسی هۆڵەندا بە دوای کەسێک دەگەڕێت و دەڵێت گومانبارە بە هێرشەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی شاری ئوتریخت کە کرایە سەر شەمەندەفەرێکی جۆری ترام و بووە هۆی کوژرانی 3 کەس و برینداربوونی 9 کەسێکی دیکە.

پـۆلیسی شاری ئوتریخت لەسەر تویتەرەکەی وێنەیەکی گومانبارەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت ناوی (گۆکمان تانیش)ـە و تەمەنی 37 ساڵە و بە ڕەچەڵەک تورکە. ئاگاهیش دەدات کەس لێی نزیک نەکەوێتەوە و تەنیا پەیوەندی بە ژمارە تەلەفونێکەوە بکەن.

یان ڤان زانێن سەرۆکی شارەوانی ئوتریخت لە لێدوانێکیدا کە لەسەر تویتەری شارەوانی بڵاوکرایەوە، گوتی 3 کەس کوژراون و 9 کەسی دیکە بریندارن کە سێیانیان برینەکانیان قورسە. گوتیشی وەها لەگەڵ کەیسەکە مامەڵە دەکەن وەکو هێرشێکی تێرۆرستی بێت.

پـۆلیس و کاربەدەستان داوا لە دانیشتوانی ناوچەکە دەکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و لایەنە بەرپـرسەکان ئاگاداربکەنەوە لە هەر چ شتێک جێی گومان بێت.

پەیامنێری ئاژانسی دەنگ‌وباس فڕانس پـرێس دەڵێت پـۆلیس بینایەکی گەمارۆداوە کە لە دوری چەند سەد مەترێکەوەیە لە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام هێشتا ڕوون نیـیە ئایا گومانبارەکەی لە ناودایە یان نا.

XS
SM
MD
LG