Accessibility links

کاربەدەسـتێکی لەشکری ئەمەریکا دەڵێت لەوەتای شەڕی یەمەن دەسـتیپـێـکردووە 4 بارە چەکی ئێرانیان گرتووە


کاربەدەسـتێـکی باڵای لەشکری ئەمەریکا ئاشکرای کرد لەوەتای شەڕی ناو یەمەن هەڵگیرساوە ڕێگەیان گرتووە لە ناردنی چوار بار چەک و تەقەمەنی لە لایەن ئێرانەوە بۆ حوسی و هاوپەیمانەکانیان لە یەمەن.

جێـگری ئەدمیراڵ کیڤن دەنگێن ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بنکەیەکی لەشکری لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا بە ڕۆژنامەوانانی گوت کەشتیـیە جەنگیـیەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودی دەسـتیان بەسەر ئەو بارە چەکانە گرتووە لە پاش مانگی چواری سـاڵی 2015 ، واتە چەند هەفتەیەک دوای دەسـتپێـکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانێتیـیەکە بۆ پشـتیوانیکردن لە عەبد ڕەبە مەنسور هادی سەرۆکی یەمەن.

دەڵێت بارە چەکەکان بریتی بوون لە کلاشینکۆف و قەناس و موشەکی دژە تانک و زرێپـۆش و کەلوپەلی دیکەی لەشکری.

جەختی لەوەش کرد کە بەڵگەیان هەیە ئەو کەشتیانەی بارە چەکەکانیان تیادابووە لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن بەڕێکەوتبوون، ئەمەش لە ڕێگەی شیکردنەوەی زانیاریـیەکانی نێو GPS ی کەشتیـیەکان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ تاقمەکانیاندا.

هەفتەی ڕابردوو جەنەڕاڵ جۆزێف فۆتێل فەرماندەی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا گوتی ڕەنگە ئێران ڕۆڵی هەبووبێت لەو هێرشە موشەکیـیانەی حوسیـیەکان کردیانە سەر کەشتیـیە ئەمەریکایـیەکان لە نزیک کەنارەکانی یەمەن لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو.

مانگی چواری ڕابردوو دوو کەشتی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە دەریای عەرەب دەسـتیانگرت بەسەر بەلەمێـک کە بارێـکی چەکی ئێرانی پێبوو و پـێدەچوو بۆ حوسیـیەکان یەمەن ببرێت.

لەشکری ئەمەریکا ئەو کاتە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی لەو بەلەمە 1500 کلاشینکۆف و 200 چەکی ئارپـیجی و 21 دۆشکەی 50 ملیمی گرتووە.

XS
SM
MD
LG