Accessibility links

کۆمیتەی USCIRF ی ئەمەریکا هێرشەکانی تورکیا ئیدانە دەکات


کۆمیتەی ئەمەریکا بۆ ئازادیـیە ئاینیـیەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی USCIRF، ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی تورکیا ئیدانەدەکات و داوا لە سەرۆکی تورکیا دەکات هێرشە ئاسمانیـیەکان و ئەو توندوتیژیانەی ناوچەکانی خەڵکی سیڤیل دەکەنە ئامانج ڕابگرێت.

کۆمیتەکە لە ڕاگەیاندنێکدا کە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی کۆمیتەکەیان ئیدانەی هێرشە ئاسمانی و زەمینیـیەکانی ئەم دوایـیانەی تورکیا دەکات کە لە نزیک ناوچە سیڤیلیـیەکان لە باکوری عێراق ئەنجامی داون.

خانم گەیڵ مەنشن سەرۆکی کۆمیتەکە دەڵێت USCIRF داوا لە تورکیا دەکات دەستبەجێ هێرشە ئاسمانیـیە دڕندانەکانی بۆ سەر شەنگال ڕابگرێت و هەر هێزێکی زەمینی کە زیادبوونی توندوتیژیـیەکانی لێدەکەوێتەوە بکشێنێتەوە لەو ناوچەیە کە بۆخۆی لە مەترسیـدایە. ئەو کردارانە بە تایبەتی جێی هەڕەشەن بۆ سەدان خێزانی لێقەوماوی ئێزیدی ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شەنگاڵ و هەروەها بۆ ئەو خەڵکە سیڤیلانەی دیکەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ باکوری عێراق - هیچ کام لەوانە شایەنی ئەوە نیـین بخرێنە بەردەم مەترسیـیەوە لەلایەن هاوپەیمانێکی ناتۆوە.

ئەم کۆمیتەیە کە دەزگایەکی سەربەخۆی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکایە، لە درێژەی ڕاگەیاندنەکەی دەڵێت حکومەتی تورکیا کە ئیدعادەکات ئەم کردارانەی هەرە نوێترینن لە نێو زنجیرەیەک لە ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەی لە شەنگال لەوەتای ساڵی 2017 وە، بە ڕوواڵەت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەنە ئامانج. بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە هەڕەمەکیـیانە ڕێک پاش چەند ڕۆژێک ئەنجام دران کە 200 خێزان گەڕانەوە شەنگاڵ لە پاش 6 ساڵ لە ژیان لە نێو کەمپی ئاوارەیی لە دهۆک. هەروەها (هێرشەکان) نزیک بوون لەو شارۆچکە و کەمپانەی خێزانە ئیزیدیـیەکان پەنایان بۆ بردوون لەوەتای جینۆسایدەکەی ساڵی 2014 ، ئەوەی لە لایەن داعشەوە لە عێراق و سوریا لە دژیان ئەنجام درا.

تۆنی پـێرکنز جێگری سەرۆکی کۆمیتەکە ئەویش لای خۆیەوە گوتویەتی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە عێراق و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕوونی نیشانی دەدەن خواستەکانی لە ناوچەکە پاڵنەری کردارەکانین لە ئەمڕۆدا، نەک ئاسایشی ناوخۆ، وە ناکرێت ڕێگەی پـێبدرێت ئەمە بکات بەبێ سزادان.

گوتیشی داوا لە بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا دەکەن هەموو هەژمونی دیپـلۆماسی و ئابوری بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی کەمینە ئاینیـیە بێ پشت و پەناکان لە باکوری عێراق و هەروەها لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیە هەڕەمەکیـیەکانی تورکیا.

کۆمیتەکە هەروەها نووسیویەتی، لەوەتای ساڵی 1984وە تورکیا جەنگێکی دەمدەمی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجام دەدات کە ڕێکخراوێکی جوداخوازی کوردە و ئەمەریکا وەک گروپـێکی تێرۆرستی ناودێریکردووە.گەلێک جار لەشکری تورکیا هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی دەڵێت هی پەکەکەیە یان ئەو گروپانەیە کە ڕاستەوخۆی یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیـیان بە پەکەکەوە هەیە لە عێراق و سوریای دراوسێ. لەو شاڵاوە گەورەیە، تورکیا ئیدیعا دەکات لە 500 میلیتان زیاتری داوە لەو ناوچانەی کە تیایاندا هیچ ئاماژەیەک نیـیە بۆ دانانی پلان یان ئەنجامدانی هێرش لە دژی تورکیا. جارێکی دیکە تورکیا گوێ پـێ‌نەدانی خۆی پـیشان دەدات لە بەرامبەر کەمینە ئاینی و نەژادیـیە بێ پشت و پەناکانی لەو ناوچانە دەژین یان پەنایان بۆ بردوون.

لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکە کۆمیتەی ئەمەریکا بۆ ئازادیـیە ئاینیـیەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی USCIRF دەڵێت لە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای ڕاسپاردووە تورکیا بخاتە نێو لیستی چاودێری تایبەتی خۆی بەهۆی تێوەگلانی یان چاوپـۆشیکردنی لەو پـێشێلکاریـیە گەورانەی بەرامبەر ئازادی ئاینی دەکرێن.

XS
SM
MD
LG