Accessibility links

ڕوانگه: کاریگه‌رییه‌کانی بەفه‌رمی ناسینی قۆدس وه‌ک پێته‌ختی ئێسرائیل له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه


بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا ڕایانگەیاندوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە، واتە ئەمڕۆ دان دەنێت بە قودسدا وەکوو پایتەختی ئیسڕائیل و بەرپرسان وتیشیان سەرۆک ترامپ فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوە کردووە ئامادەکارییەکان بکەن بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس بەڵام چەند ساڵێکی دەوێت تاوەکو شوێنێک دەدۆزنەوە بۆ باڵیۆزخانەکە و خەرجییەکەی بۆ دابین دەکەن و بینایەکی نوێ دروست دەکەن. جێی ئاماژەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە دەسەڵاتی ئیسڕائیل بەسەر قودسدا نانێت.

ئەگەر واشنتن ئەوەی کە ئیسڕائیل مافی بەسەر هەموو شارەکانەوە هەبێت و بتوانێت پایتەختێک دیاری بکات پەسەند بکات ئەوا کۆتایی بەو سیاسەتە دەهێنێت کە ئەمەریکا بۆ ماوەی دەیان ساڵە پەیڕەوەی دەکات سەبارەت بە ناوچەکە و سیاسەتەکەش ئەوەیە کە دەبێت ڕەوشی قودس لەڕێی دانوستانەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیلەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

بۆ هێورکردنەوەی ئەو ڕەوشەی کە لەوانەیە زۆر خراپ ببێت، ترامپ ڕۆژی سێشەممە پەیوەندیی کرد بە پێنج ڕابەری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەوانەش سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس و پاشای ئوردون عەبدوڵا و سەرۆکی میسڕ عەبدول فەتاح سیسی و پاشای سعودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود.

ئەم هەواڵەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لە جیهانی عەرەبیدا و مەحمود عەباسی سەرۆکی فەڵەستینیش تەواو دژی ئەو ڕێوشوێنەیە کە ئەمەریکا بەنیازە بیگرێتە و دەڵێت: "هۆشیاریداوە لەسەر ئەم جۆرە هەنگاوانە و وتوویەتی ئەم جۆرە بڕیارانە دەبنە هۆی هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان."

ئیسڕائیل کاتسی وەزیری هەواڵگری ئیسڕائیل کە هەفتەی پێشووی چاوی بە بەرپرسانی ئەمەریکی کەوت لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەوەی کە ئەگەر هاتوو سەرۆک ترامپ ئەو بڕیارە بدات ئایا ئیسڕائیل ئامادە دەبێت بۆ گرژییەکان، وتی " ئێمە بۆ هەموو بژاردەیەک ئامادەین. هەرشتێک لەمانە. ئەگەر ئەبو مازن بابەتەکان بەو ئاڕاستەیەدا بەرێت ئەوا هەڵەیەکی زۆر گەورە دەکات."

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاش بە ڕۆیتەرزیان وت هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا زۆر نیگەرانن سەبارەت بەم بابەتە و بەرپرسانی فەڵەستینی و سعودیە و جیهانی عەرەبیان ئاگادارکردۆتەوە سەبارەت بەوەی لەم جۆرە جووڵانە دەبێتە هۆی گرژییەکی زۆر لە ناوچەکەدا.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا فیدریکا موگیرینی ڕۆژی سێشەممە وتی " هەر کارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی هەوڵە ئاشتییەکان بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی جیا بۆ فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیلییەکان دەبێت بەتەواوەتی خۆیانی لێ بەدووربگرن."

بۆ باس سه‌باره‌ت به‌م مژاره، له به‌رنامەی ڕوانگه‌ی ئه‌م حه‌وته‌دا میوانداری به‌ڕێزان ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری، لێکۆڵه‌ری سیاسی دانیشتووی ستۆکهۆڵم و دۆکتور خالید ته‌وه‌کۆلی، کۆمه‌ڵناس و لێکۆڵه‌ری سیاسی دانیشتووی باژێڕی سه‌قز له کوردستانی ئێران ده‌که‌ین.

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:43 0:00

XS
SM
MD
LG