Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا: ڕەنگە چەکی زیاتر بە یەپەگە بدەین

  • VOA News

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕەنگە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە پاش ڕزگارکردنی شاری ڕەققەش پـێویستیان بە یارمەتی چەک و تەقەمەنی و پـێداویستی لەشکری زیاتر هەبێت.

جەیمس ماتس ئەمڕۆ سێشەممە لەو فڕکەیەی بەرەو ئەڵمانیای دەبرد قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد سەبارەت بە شەڕی داعش لە سوریا.

پـرسیاری لێکرا لە بارەی ئەو چەکانەی ئەمەریکا بە هێزەکانی یەپەگەی داون ئایا وەریاندەگرنەوە یان نا، ئەویش لە وەڵامدا گوتی"چی بتوانین دەیکەین".

ماتس هەرچەندە ڕاستەوخۆ ئیدیعاکانی وەزیری بەرگری تورکیای ڕەتنەکردەوە کە گوتبووی ئەمەریکا بەڵێنی داوە لە پاش شەڕی ڕەققە چەکەکان لە یەپەگە وەربگرێتەوە، بەڵام گوتی لە پاش تەواوبوونی شەڕی ڕەققە شەڕی دژی داعش کۆتایی نایەت، بۆیە لەسەر دۆخەکە دەوەستێت.

پاشان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد یەپەگە لە پـێش مانگی ڕابردووش کە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە کرا چەک و تەقەمەنی باشیان وەرگرتووە.

باسی لەوەش کرد لە کاتی شەڕەکەدا ئەو چەکانەی تێکدەچن وەری دەگرنەوە و چاکیان دەکەنەوە. گوتیشی هێزەکانی یەپەگە هەر چەکێـکیان نەوێت، ئەوا وەری دەگرنەوە و بە شتێـکی دیکە بۆیان دەگۆڕنەوە کە پـێویستیان پـێی بێت.

جێی ئاماژەیە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا گوتی ئەمەریکا بەو قسانەی کە دەڵێت چەکەکان لە یەپەگە وەردەگرێتەوە دەیەوێت تورکیا فریوبدات. پاشان ئاگاهی دا ئەگەربێت توندوتیژی لە سوریاوە بۆ ناو تورکیا ببرێت، ئەوا ئەوانەی ئەو چەکانەیان داوە باجی هەموو تاکە گولـلەیەک دەدەن کە بە تورکیاوە بنرێت و دڵۆپە خوێنێـک بـڕژێت.

XS
SM
MD
LG