Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەمەریکا: وتووێژ لەگەڵ حوثیـیەکانی یەمەن دەکەین


یادیدەرێکی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی وتووێژ لەگەڵ حوثیـیە یاخیبووەکانی یەمەن دەکات بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ شەڕی نێو ئەو وڵاتە.

دەیڤد شەنکەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە میانەی سەردانەکەی بۆ سعودیـیە، لە شاری خەرج لە باشوری ڕیازی پایتەخت بە ڕۆژنامەوانانی گوت ئەمەریکا سەنگی خستووەتە سەر هەوڵەکان بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕی یەمەن، بۆیە وتووێژ لەگەڵ حوثیـیەکان دەکەن تاوەکو ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە کە لەلایەن هەردوولای شەڕەکەوە پەسەندبکرێت.

گوتیشی لەگەڵ مارتن گریفیث نێردراوی نێودەوڵەتی کاردەکەن و هەروەها لە پەیوەندیدان لەگەڵ دۆستە سعودیـیەکانیان.

ئەمە یەکەم جارە کاربەدەستێک لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ ڕایبگەیەنێت لەگەڵ حوثیـیەکانی نزیک لە ئێران وتووێژ دەکەن.

لەوەتای ساڵی 2014 وە شەڕ هەڵگیرساوە لە نێوان حوثیـيەکان و هێزەکانی حکومەتی عەبد ڕەبە مەنسور ئەلهادی سەرۆکی یەمەن. لە مانگی سێی ساڵی 2015 شەڕەکان توندتربوون پاش ئەوەی هاوپەیمانێتیـیەک بە ڕێبەرایەتی سعودیـیە هاتنە نێو شەڕەکە بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتەکەی عەبد ڕەبە.

بەپـێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەهۆی ئەو شەڕەوە لەوەتای 2015 وە نزیکەی 10 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 56 هەزار کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG