Accessibility links

پەمپـێیۆ جەخت دەکاتەوە سەر گرنگی پشتیوانیکردنی سعودیـیە لە شەڕی یەمەندا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە سەر پشـتیوانی وڵاتەکەی بۆ عەرەبستانی سعودیـیە لە شەڕی یەمەن، ئەمەش سەرەڕای ناڕەزایی یاسادانەرانی ئەمەریکا.

مایک پەمپـێیۆ ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوە گوتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیـیە کە ڕاگرتنی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ سعودیـیە ڕێگا ڕاستەکە بێت بۆ دانانی سنوورێک بۆ شەڕی یەمەن.

جەختی کردەوە واشنتن لەگەڵ پاراستنی مافەکانی مرۆڤە لە یەمەن، بەڵام پشتیوانی هەوڵەکانی سعودیـیە دەکات، تاوەکو ئەو وڵاتە نەبێتە بوکەڵەیەک بە دەستی ئێرانەوە.

ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە دەنگی 54 بەرامبەر 46 داوایان لە سەرۆک ترامپ کرد لە ماوەی 30 ڕۆژدا هێزەکانی ئەمەریکا لە کارە جەنگیـیەکانی یەمەن بکشێنێتەوە.

پەمپـێیۆ لەم بارەیەوە گوتی ئەگەر ژیانی هاوڵاتیانی عەرەب بەلاتانەوە گرنگە، ئەوا دەبێت ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ئێران ببنەوە کە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپـێنێت. گوتیشی گرنگیشە ڕێگە نەدرێت کۆماری ئیسلامی و وەکیلەکانی دەستبگرن بەسەر هێڵەکانی هاتوچۆی نێودەوڵەتی لە نێو ئاوی دەریادا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لەوەتای شەڕەکە دەسـتیپـێکردووە ئەمەریکا زیاتر لە 2 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی یەمەن، هەروەها سعودیـیەش لە ساڵی 2018 زیاتر لە 500 ملیۆنی بەخشیوە، بەڵام ئێران هیچی بۆ خەڵکی یەمەن پـێشکەش نەکردووە.

XS
SM
MD
LG