وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ژاپۆن لەگەڵ وەزیری دارایی ژاپۆن شونیچی سوزوکیدا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی توندکردنەوەی سزاکانی سەر ڕووسیا دەکات بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا.
وەزارەتەکە گوتیشی لە کۆبوونەوەکەدا یەڵین سەنگ دەخاتە سەر کارکردن لەگەڵ ژاپۆن و هاوبەشە متمانەپێکراوەکانی تردا تاوەکو نرخی شتومەکەکان لەسەر کڕیارانی ئەمەریکی کەمتر ببێت.
بەرپرسێکی ژاپۆن گوتی دراوەکانیش لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێن، لەکاتێکدا یەنی ژاپۆن لە ئێستادا لە ماوەی 24 ساڵی ڕابردوودا لە نزمترین ئاستدایە، ئەوەش نیگەرانی دروست کردووە لەسەر زیادبوونی خەرجی ژیان لە ژاپۆندا.
بەرپرسەکەی ژاپۆن گوتی " یەکێک لەو بابەتانەی باسی لێوە دەکرێن بابەتی دراو دەبێت."
یەڵین بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆکان لەگەڵ ژاپۆندا سەبارەت بە دابەزاندنی نرخی نەوتی ڕووسیا، ئەوەش لەپێناو سنووردارکردنی داهاتەکانی ڕووسیا و دابەزاندنی نرخی وزەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز