Accessibility links

یەڵن: بەکارهێنانی سەروەت و سامانە سڕکراوەکەی ڕووسیا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا کارێکی ' پێویست و بە پەلەیە '


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵن ڕۆژی سێشەممە تیشکی خستەسەر بەپەلەیی کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانانی ڕۆژئاوادا بۆ کردنەوەی بەهای سەروەت و سامانە سڕکراوەکەی ڕووسیا بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا، بەڵام وتی ئەمەریکا " هیچ ستراتیژییەکی خوازراوی نیە " لەسەر ئەوەی چۆن ئەوە بکرێت.

یەڵن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوتاکانی لەگەڵ کۆمەڵەی حەوت و کۆمەڵەی بیستدا وتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەی جیاواز دەکەن بۆ نزیکەی 285 ملیۆن دۆلاری سامانی ڕووسیا کە لە ساڵی 2022 دا سڕکران، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەو مەترسییانەشی کە بە دوایدا دێت.

ڕابەرانی کۆمەڵەی حەوت داوایان کردووە تاوەکو مانگی شەش چارەسەرێک لەوبارەیەوە بخرێتەڕوو.

یەڵن دانی بەوەدانا کە بەکارهێنانی ئەو سامانە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا مەترسی خۆی هەیە، بەڵام نیگەرانییەکانی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپای بە کەمزانی لەسەر ئەوەی کە دەستگرتن بەسەر سەرمایەی ڕووسیادا ڕەنگە ڕۆڵی دۆلاری ئەمەریکایی و یۆرۆ و یەنی ژاپۆنی وەکو کۆمەڵە دراوێکی گرنگی جیهانی بخاتە مەترسییەوە.

یەڵن وتی " باوەڕم وایە دەبێت کۆمەڵەی حەوت پێکەوە کاربکەن بۆ تاوتوێکردنی چەند شێوازێک کە پێشنیار کراون بۆ کردنەوەی بەها ئابوورییەکانییان. بێگومان یەکێکییان ئەوەیە کە خۆیان دەستبگرن بەسەر سامانەکاندا، بەڵام بیرۆکەی دیکەش هەن، بۆ نموونە بەکارهێنانی سامانەکان وەکو بارمتە بۆ قەرزکردن لە بازاڕەکانی جیهانەوە."

وتیشی پێی وایە " پێناچێت " هەر هەنگاوێکی کۆمەڵەی حەوت لەسەر سامانەکانی ڕووسیا ببێتە هۆی گۆڕانێکی گەورە لە دراوەکاندا، بە لەبەرچاوگرتنی نموونەییی دۆخەکە و " پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان " لەلایەن ڕووسیاوە.

وتی ئەو وڵاتانەی بەشدارن نیوەی ئابووری جیهانن، هەر کارێکیش بکرێت بە هەماهەنگی دەبێت.

وتی " گرنگە کۆمەڵەی حەوت پێکەوە کاربکەن. دەبێت ڕێگەیەکی یاسایی بۆ ئەمە بدۆزینەوە، لە ناوخۆ و هەموو وڵاتەکانیشماندا و بە شێوەیەکیش بێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا بگونجێت."

وتی " ستراتیژییەکی خوازراومان نیە لەسەر ئەوەی چۆن ئەمە بکرێت، دەمانەوێت کۆمەڵەی حەوت و هاوپەیمانەکانمان پێکەوە کاربکەین."

یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵەی حەوت گفتوگۆ دەکەن لەسەر ئەوەی چۆن ئەو پارە سڕکراوانەی ڕووسیا دەکرێت لە ماوەی ساڵێکدا بەکاربهێندرێن. دوو لەسەر سێی ئەو پارانە لە یەکێتی ئەوروپان، زۆربەی ئەو پارانەش لەلایەن یۆرۆکلێری بەلجیکاوە گیراون.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک داوای " کارێکی بوێرانەی " کرد سەبارەت بە سامانەکانی ڕووسیا، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکانی ئۆکرانیا بۆ چەکی مەودا دوورتر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی و یارمەتییەکانی دیکەش.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG