Accessibility links

ئەمەریکا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر سەربازەکانی لە عێراق و سوریا دەردەبڕێت


وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت زۆر نیگەرانە سەبارەت بە زنجیرە هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر سەربازە ئەمەریکییەکان لە عێراق و سوریادا.

ڕۆژی چوارشەممە دیـپلۆماتکاران و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا بە سێ هێرشی موشەکی و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کرانە ئامانج، هەر لەو ڕۆژەدا 14 ڕۆکێت لە بنکەیەکی ئاسمانی عێراق درا کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدایە، لە ئەنجامیشدا دوو سەربازی ئەمەریکی برینداربوون.

سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو ‌هێرشانەی ڕانەگەیاندووە، شارەزایان پێیان وایە ئەوە بەشێکە لەو هەڵمەتەی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران دەستیان پێکردووە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوان چەکی کوشندە بەکاردەهێنن، نازانم لەوە زیاتر چی بڵێیت جگە لەوەی ئەوە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە."

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و سوریا کە بووە هۆی کوژرانی چوار چەکدار، گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران بەڵێنیاندا تۆڵە بکەنەوە.

لەلای خۆیەوە ئێران ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکاندا بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، هەروەها سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمەریکای کرد بۆ سەر گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG