Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات: ئەمەریکا هێزەکانی لە سەر سنووری نێوان سوریا و تورکیا کشاندەوە


هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکانی سەر سنووری نێوان سوریا و ئەمەریکا کشاونەتەوە و ئەو هێرشەی تورکیا بەنیازە ئەنجامی بدات کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعش.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکانی نێوان تەل ئەبیەز و ڕاس عەین کشاونەتەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیان لێدەکرێت و کۆمەڵێک ناوچەی گەورەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان بەدەستەوەیە لە بەیاننامەیەکدا وتی " تەنها بۆ ساتێکیش دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە خۆمان دژ بە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا."

کۆشکی سپی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە وتی تورکیا بەردەوام دەبێت لە ئەرکە سەربازییەکەی کە ماوەیەکی زۆرە پلانی بۆ داناوە، ئەم ئەرکە سەربازییەش مەبەست لێی " دامەزراندنی ناوچەی ئارامە" و ئەمەریکا بەشداری یاخود پشتیوانی لەو ئەرکە سەربازییەی تورکیا ناکات.

لە بەیاننامەکەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هاتووە دەڵێت " سەرەڕای ئەو هەوڵانەی داومانە تاوەکو دوور بین لە زیادبوونی گرژی سەربازیی لەگەڵ تورکیادا و ئەو نەرمیەی نواندومانە لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئاسایشی سەر سنوور و پابەندبوونمان بە هەموو ئەرکەکانی سەر شانمانەوە، ئەمەریکا پابەند نەبوو بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە و هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سوریا و تورکیا کشاندەوە."

وتیشی " ئێستا تورکیا خۆی ئامادە دەکات باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیربکات."

هەروەها هۆشیاریشیدا و وتی " ئەم ئەرکە سەربازییەی تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاکاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش و هەموو ئەو شتانەی بەدەستمان هێناون لە ئارامی و سەقامگیری لەناویان دەبات."

ئەم بەیاننامەیەش دوای ئەوە هات سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا تاوتوێی پلانەکانی تورکیایان کرد بۆ دامەزراندنی " ناوچەی ئارام " لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات لە سوریا.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات مستەفا بالی وتی ئەمەریکا دەستی کردووە بە کشانەوە و ناوچەکانی جێهێشتووە تاوەکو ببنە ناوچەی جەنگ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG