Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: ئەمەریکا پێگەی خۆی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا بەهێزتر دەکات


بەرپرسێکی سەربازی ئەمەریکا وتی وڵاتەکەی پابەندە بە بەهێزکردنی پێگەی سەربازی خۆیەوە تاوەکو ڕێگە نەدات ڕێکخراوی داعش یاخود هەر هێزێکی دیکە کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتیەکان بکەنەوە.

ئەم لێدوانانە نوێترین ئاماژەیە لەسەر ئەوەی ئەمەریکا نەک تەنها کشانەوەی هەموو هێزەکانی لە سوریا ڕاگرتووە بەڵکو هەوڵی بەهێزکردنی توانای ئەو هێزانەش دەدات کە لەوێ دەمێننەوە.

بەرپرسکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " گەورەترین دەستکەوتی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە جەنگیاندا دژی داعش کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا بوو کە سەرچاوەیەکی گرنگ بوو بۆ ئابووری ڕێكخراوی داعش."

وتیشی " دەبێت ڕێگە نەدەین داعش کۆنتڕۆڵیان بکاتەوە و دووبارە سەرهەڵبداتەوە."

بەرپرسێکی ئەمەریکی دیکە وتی وەزیری بەرگری ئەمەریکا مارک ئیسپەر و سەرۆکی لیژنەی ئەرکانی هاوبەش جەنەڕاڵ مارک مێڵی " بەردەوام دەبن لە ئامادەکردنی بژاردەکان بۆ سەرۆکی ئەمەریکا."

بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە سوریا و بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندن بە نەوت پێویستی بە توانایەکی گونجاو هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هێرشێک، نەک تەنها لەلایەن ڕێكخراوی داعشەوە بەڵکو لەلایەن ئەو هێزانەشەوە کە لەلایەن ڕوسیا و ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG