Accessibility links

کۆشکی سپی: دوای کشانەوە لە سوریا، ئەمەریکا 200 سەرباز لەو وڵاتە دەهێڵێتەوە


کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئەمەریکا دوای کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا ژمارەیەکی بچووک لە سەربازەکانی وەک ئاشتی پارێز بۆ ماوەیەک لە وڵاتە دەهێڵێتەوە، ئەمەش دوای پاشگەزبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ کشاندنەوەی تەواوی هێزەکان لە سوریادا.

لە مانگی دوانزەدا سەرۆک ترامپ فەرمانی دەرکرد بە کشاندنەوەی هەموو هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا کە ژمارەیان دەگاتە 2000 سەرباز و وتی شکستیان بە ڕێکخراوی داعش هێناوە سەرەڕای ئەوەی هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە سوریا هێشتا لە دوایین شوێنەکانی داعشدا دەجەنگن.

بەڵام ڕاوێژکارەکانی سەرۆک ترامپ فشاریان خستە سەر تاوەکو سیاسەتەکەی بگۆڕێت کە تیایدا بتوانرێت پارێزگاری لەو هێزە کوردییانە بکرێت کە بەباشی دژی ڕێکخراوی داعش جەنگاون و ئێستاش لەژێر هەڕەشەی تورکیادان، هەروەها هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی سەرۆک ترامپ سیاسەتەکەی سەبارەت بە سوریا بگۆڕێت بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتەکانی ئێرانە لە سوریادا.

وتەبێژی کۆشکی سپی سارە ساندەرز شەوی پـێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی " کۆمەڵێکی بچووکی 200 سەربازیی بۆ پاراستنی ئاشتی بۆ ماوەیەک لە سوریادا دەمێننەوە."

جێی ئاماژەیە دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگاندا لەڕێی تەلەفونەوە قسەیان کرد ئەم بڕیارە ڕاگەیەندرا. وتەبێژی کۆشکی سپی وتی سەبارەت بە سوریا هەردوو سەرۆکەکە ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی بەردەوامبن لە هەماهەنگییەکان سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سوریادا.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ وتی ماوەیەکە ئامادەکاری بۆ بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ دەکرێت. بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا ئەو 200 سەربازە تا کەی لە سوریادا دەمێننەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG