Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت 500 ملیۆن دۆلاری دیکە دەدەین بە ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە بەردەوامبوونی حکومەتەکەی


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین وتی ئەمەریکا 500 ملیۆن دۆلاری دیکە دەدات بە ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتیدەر بێت لە بەردەوامبوونی ئەرکە هەستیارەکانی حکومەتەکەی.

یەڵین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ڕۆژی پێنجشەممە لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهاڵدا یارمەتییەکەی ئاشکرا کردووە.

وتی " پێویستییەکانی ئۆکرانیا بەپەلەن، بەنیازین بەزووترین کات ئەم یارمەتییە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەین. دەزانین کە ئەمە تەنها سەرەتای ئەوەیە کە ئۆکرانیا دەبێت دووبارە چی بونیاد بنێتەوە، منیش پابەندم بەوەوە کە لەگەڵ کۆنگرێس و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانماندا کاربکەم تاوەکو ئەم پشتیوانییە لە داهاتوودا زیاتر بکەین."

یارمەتییە نوێیەکە یارمەتی ئۆکرانیا دەدات موچەی حکومەت بدات و پشتیوانیەکیش دەبێت لە پڕۆگرامە کۆمەڵایەتییەکان تاوەکو ئەو قەیرانە مرۆییەی کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دروست بووە خراپتر نەبێت.

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهاڵ کە لە ئێستادا لە واشنتنە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی بانکی جیهانی و سندوقی پارەی نێودەوڵەتی، بڕیاریشە لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پێڵۆسیدا کۆببێتەوە.

دواتر وتارێک پێشکەشی کۆبوونەوەیەک دەکات کە بانکی جیهانی ڕێکیخستووە و ئامانج لێی دابینکردنی پێویستییەکانی ئۆکرانیایە.

هەفتەی ڕابردوو بانکی جیهانی وتی نیوەی کارەکانی ئۆکرانیا داخراون، ئەوانەشی کە ماونەتەوە زۆر کەمتر لە توانای خۆیان کاردەکەن و داهاتی ناوخۆی ئەمساڵی ئۆکرانیا لە سەدا 45 زیانی بەردەکەوێت، لەکاتێکدا داگیرکارییەکەی ڕووسیا زیاتر دەبێت.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیرانی ئابووری وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت ڕایانگەیاند بڕی 24 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2022 بۆ ئۆکرانیا تەرخان دەکەن، بەڵێنیشیاندا شتی زیاتر بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


XS
SM
MD
LG