Accessibility links

کۆشکی سپی: تێپەڕبوونی کەشتیە جەنگییەکانی ئەمەریکا بە تەنگەی تایواندا گونجاوە لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکادا


وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی

بەرپرسێکی کۆشکی سپی دەڵێت تێپەڕبوونی دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکی بە سنووری ئاوی نێودەوڵەتیدا لە تەنگەی تایوان " زۆر گونجاوە " لەگەڵ سیاسەتی ئەمەریکادا بەرامبەر بنەمای " یەک چین " و هەوڵەکانی ئەمەریکادا بۆ خستنەوەی ناوچەیەکی کراوە و ئازادی ئیندۆ پاسێفیک.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی سەبارەت بە تێپەڕبوونی کەشتییە جەنگییە ئەمەریکییەکان بە تەنگەی تایواندا بە کەناڵی سی ئێن ئێنی گوت " ئەمە زۆر دەمێکەیە پلانی بۆ داندراوە." جێی ئاماژەشە ئەمە یەکەمین جارە کەشتییە ئەمەریکاییەکان لە دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسییەوە بۆ تایوان بە تەنگەی تایواندا تێپەڕ ببن.

سەردانەکەی پیڵۆسی بۆ تایوان بووە هۆی توڕەبوونی چین و ئەنجامدانی کۆمەڵێک مەشقی سەربازیی گەورە لەلایەن چینەوە لە دەوروبەری تایواندا. چین تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت و تایوانی دیموکراتخوازیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

کیربی گوتی تێپەڕبوونی دوو کەشتییەکە " زۆر گونجاوە لەگەڵ سیاسەتماندا بەرامبەر بنەمای یەک چین، زۆر گونجاوە لەگەڵ ئارەزوومان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دەتوانین بەردەوام بین لە کارکردن بۆ ناوچەیەکی کراوە و ئازادی ئیندۆ پاسێفیک."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG