Accessibility links

ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ڕووسیا دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە ئۆکرانیا


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لەگەڵ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا نیکۆلای پاتروشیڤدا قسەی کردووە و هۆشداریداوەتێ " دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی یاخود بایەلۆجی لە ئۆکرانیا "، ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر ڕووسیا ئەو کارە بکات ئەوا ڕووبەڕووی دەرەنجامێکی قورس دەبێتەوە.

ئەمەش یەکەمین گفتوگۆی ئاست بەرزی ئاشکرای نێوان ئەمەریکا و ڕووسیایە دوای داگیرکارییەکەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا، دوابەدوای پەیوەندییە تەلەفونییەکە کۆشکی سپی لە بەیاننامەکەیدا باسی لە وردەکاری دەرەنجامەکان نەکرد.

واشنتن و هاوپەیمانەکانی ڕووسیایان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەتێک کە نەیانتوانیوە بیسەلمێنن، ئەوەش ئەوەیە کە گوایە ئۆکرانیا تاقیگەیەکی بەرهەمهێنانی چەکی بایەلۆجی هەیە، ئەمەریکاش دەڵێت ئەگەری هەیە ڕووسیا خۆی چەکی کیمیایی یاخود بایەلۆجی بەرکاربهێنێت و دواتر بەرپرسیارێتییەکەی بخاتە سەر شانی ئۆکرانیا.

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پلان دانان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی کیمیایی دژی خەڵکەکەی خۆی تاوەکو مۆسکۆ بە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار بکات.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە " بەدڵنیاییەوە دەزانین کە بە یارمەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا، دەزگای خزمەتگوزاری ئاسایشی ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکات بۆ بەکارهێنانی ماددەی ژەهراوی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی، ئەوەش لەپێناو ئەوەی دواتر ڕووسیا تۆمەتبار بکات بە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی دانیشتوانی ئۆکرانیا."

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی سۆلیڤان بە پاتروشیڤی وتووە ئەگەر ڕووسیا جددییە سەبارەت بە ڕێگەی دیبلۆماسی، ئەوا دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا بوەستێنێت.

کۆشکی سپی وتی سۆلیڤان جەختی لە هەڵوێستی ئەمەریکا کردۆتەوە لەسەر دژایەتیکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، هەروەها بە پاتروشیڤی وتووە ئەمەریکا ڕووسیا ناچار دەکات باجەکەی بدات.

کۆشکی سپی وتی سۆلیڤان کە مۆسکۆ قەدەغەی کردووە لەسەری بێتە ناو خاکی ڕووسیاوە، باسی لە پابەندبوونی ئەمەریکاش کردووە بۆ پتەوکردنی ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG