Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە ئۆکرانیا دەکات هەڵبژاردن ئەنجام بدات

ئەمەریکا داوا لە ئۆکرانیا دەکات بەتایبەتی دوای ئەوەی لەگەڵ ڕووسیا ئاگربەستی کرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ئەنجام بدات.

کیت کێڵاگ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و ڕووسیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە زۆربەی وڵاتانی دیموکرات لە کاتی شەڕدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن.

نوێنەری تایبەتی سەرۆک ترامپ بۆ ئۆکرانیا و ڕووسیا لە چاوپێککەوتنێکدا وتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئۆکرانیا کە لە ماوەی جەنگەکەدا لەگەڵ ڕووسیادا دواخرابوون دەبێت " ئەنجام بدرێن."

کێڵاگ وتی " زۆربەی وڵاتانی دیموکرات لە کاتێکدا کە لە جەنگدا بوون هەڵبژاردنییان ئەنجام داوە. پێم وایە ئەوە گرنگە کە ئەوانیش هەڵبژاردن بکەن. پێم وایە ئەوە باشە بۆ دیموکراسی. ئەوە جوانی دیموکراسییەکی پتەوە."

سەرۆک ترامپ و کێڵاگ هەردووکییان وتوویانە کە کار لەسەر پلانێک دەکەن بۆ نێوەندگریکردن لە ڕێککەوتنێکدا لە ماوەی چەند مانگی یەکەمی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی ئەمەریکادا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، کە ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا دەستیپێکرد.

دوو کەسی نزیک لە بابەتەکەوە و بەرپرسێکی پێشووی ئەمەریکا کە ئاگاداری پێشنیاری هەڵبژاردنەکەیە وتییان پلانەکەی سەرۆک ترامپ هێشتا کاری لەسەر دەکرێت و هیچ بڕیارێکیش لەو بارەیەوە نەدراوە، بەڵام کیلۆگ و بەرپرسانی دیکەی کۆشکی سپی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا باسییان لەوە کردووە فشارییان خستووەتە سەر ئۆکرانیا تاوەکو ڕازی ببێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی ئاگربەستدا لەگەڵ ڕووسیادا.

دوو کەسەکەی نزیک لە بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپەوە وتییان بەرپرسەکانی سەرۆک ترامپ مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا سەرەتا هەوڵی ئاگربەستێکی سەرەتایی بدەن پێش ئەوەی هەوڵی ئاگربەستێکی هەمیشەیی بدەن یان نا. ئەگەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئۆکرانیا بەڕێوەبچێت، ئەوا براوەی ئەو هەڵبژاردنە بەرپرس دەبێت لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ ڕووسیادا.

هێشتا ڕوون نیە پێشنیارەکەی سەرۆک ترامپ لە کیێڤ پێشوازی لێدەکرێت یان نا. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتوویەتی کە ئۆکرانیا دەکرێت لەم ساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات ئەگەر شەڕەکە کۆتایی بێت و گرەنتییەکی ئاسایشی پتەو بدرێت بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی دوژمنکارییەکانی ڕووسیا.

ڕاوێژکارێکی باڵا بۆ ئۆکرانیا و سەرچاوەیەکی حکومەتی ئۆکرانیا وتییان کە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ هێشتا بە فەڕمی داوای لە ئۆکرانیا نەکردووە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی زێلێنسکی دەبووایە لە ساڵی 2024 دا کۆتایی بهاتایە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان بەپێی یاسای سەربازیی ناکرێت ئەنجام بدرێن، ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2024 دا ئەو یاسا سەربازییەی سەپاند.

دوو بەرپرسی پێشووی ئەمەریکا وتییان واشنتن لە ساڵی 2023 و 2024 دا باسی لە پرسی هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیادا.

بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و کۆشکی سپی بە هاوتا ئۆکرانیاییەکانییان وتووە کە هەڵبژاردنەکان زۆر گرنگن بۆ بەرزڕاگرتنی بەها دیموکراسی نێودەوڵەتییەکان.

وتیشیان بەرپرسانی کیێڤ دژایەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنییان کردووە لە گفتوگۆکانییاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا، بە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی پێشووی ئەمەریکایان وتووە کە هەڵبژاردن لەم کاتە هەستیارەدا لە مێژووی ئۆکرانیادا دووبەرەکی دەخاتە نێو سەرکردەکانی ئۆکرانیاوە و ئەگەری هەیە ڕووسیا هەڵمەتی کاریگەر دروستکردن لە وڵاتەکەدا ئەنجام بدات.

جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی ڕیابکۆڤ لە 27 ی مانگی یەکدا وتی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان مۆسکۆ و بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ هێشتا دەستییان پێنەکردووە. وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی هێشتا چاوەڕێی ئەمەریکا دەکات بۆ ڕازیبوون لەسەر باڵیۆزە نوێیەکەی مۆسکۆ بۆ واشنتن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG