Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە فەڕەنسایە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس بە سەردانێکی چوار ڕۆژیی گەیشتە فەڕەنسا، ئامانج لە سەردانەکەشی باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و فەڕەنسایە کە کۆنترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە.

لە مانگی نۆدا پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە گرژییان تێکەوت کاتێک ئوستڕاڵیا گرێبەستێکی 65 ملیار دۆلاریی بۆ دروستکردنی ژێرئاوگەر لەلایەن فەڕەنساوە هەڵوەشاندەوە، دواتر ڕێکەوتنێکی ئاسایشی نوێی لەگەڵ ئەمەریکا و بەڕیتانیادا واژۆ کرد کە تیایدا ئوستڕاڵیا بە یارمەتی ئەمەریکا و بەڕیتانیا ئەو ژێرئاوگەرانە دروست دەکات کە بە وزەی ناوەکی کاردەکەن.

هێرس لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا کۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن مانگی ڕابردوو لە ڕۆما بە ماکرۆنی وت ئەمەریکا " هەڵەشە " بووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتەکەدا.

هێرس لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ فەڕەنسا سەردانی ناوەندی پاستیوری زانستی دەکات و چاوی بەو زانا ئەمەریکی و فەڕەنسیانە دەکەوێت کە لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە.

چەند خولەکێک دوای گەیشتنی لە پاریس، هێرس وتی " بەپەرۆشەوەم بۆ چەند ڕۆژێکی زۆر لە گفتوگۆی بونیادنەرانە لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان."

ڕۆژی پێنجشەممە هێرس نوێنەرایەتی ئەمەریکاش دەکات لە کۆڕبەندی ئاشتی پاریس و کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی لەسەر لیبیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG