Accessibility links

پەمپـێیۆ: شیانی هەیە ئەمەریکا کردەی لەشکری لە ڤەنزوێلا ئەنجام بدات ئەگەر پـێویست بکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ ئامادەیە کردەیەکی لەشکری ئەنجام بدات بۆ کۆتایی‌هێنان بە قەیرانی ڤەنزوێلا.

مایک پەمپـێیو ئەمڕۆ چوارشەممە بە کەناڵی فۆکس بزنسی گوت"سەرۆک ترامپ هەڵوێستی ڕوون و ئاشکرا و نەگۆڕە. ئەویش کردەی لەشکری لە ڤەنزوێلا شیانی هەیە ئەنجام بدرێت. ئەگەر بێت و پـێویست بکات، ئەوا ئەمەریکا پـێی هەڵدەستێت."

بەڵام گوتیشی ئەمەریکا هەرچی لە توانایدایە ئەنجامی دەدات تاوەکو توندوتیژی ڕوونەدات و بە شێویەکی ئاشتیانە دەسەڵات بگوێزرێتەوە، لە ڕێگەی دەستبەرداربوونی نیکۆلاس مادورۆ لە دەسەڵات و ئەنجامدانی هەڵبژاردن تاوەکو وڵاتەکە ڕێبەرانی نوێ بۆخۆی هەڵبژێرێت.

لە لایەکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پەمپـێیۆ پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەنجامداوە و داوای لێکردووە چیتر مۆسکۆ پشتیوانی مادورۆ نەکات.

لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش، کۆلۆنێل جۆ پاچینۆ گوتەبێژی وەزیری بەرگری بە وەکالەت گوتی پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری بە وەکالەت بڕیاربوو بەرەو ئەوروپا بەڕێبکەوێت، بەڵام گەشتەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری داوە لە واشنتن بمێنێتەوە تاوەکو لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دەرەوە لە بارەی ڤەنزوێلاوە هەماهەنگی بکات.

XS
SM
MD
LG