وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی ئەمەریکا هەموو ئەو دیبلۆماتکارە ئەمەریکییانەی کە لە ڤەنزوێلا ماون دەکشێنێتەوە بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان لە ڤەنزوێلادا.
ئەم بڕیارەش گرژیی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە زیاتر دەکات، ئەمەش لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆک ترامپدا کە تیایدا وتی ئەمەریکا هیچ بژاردەیەک بەدوورنازانێت بە دەستوەردانی سەربازیشەوە بۆ لابردنی حکومەتەکەی نیکۆلاس مادورۆ.
ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلادا کە سەرچاوەی ژیانی حکومەتەکەی مادورۆیە.
هەروەها لە زۆربەی شوێنەکانی ڤەنزوێلا ماوەی پێنج ڕۆژە کارەبا بڕاوە و حکومەتیش دەڵێت ئەوە کارێکی تێکدەرانەیە و لەلایەن ئەمەریکاوە هاندراوە.
پەمپیۆ لە تویتەر نوسی " بڕیارەکە ڕەنگدانەوەی ڕەوشە خراپەکەی ڤەنزوێلایە، هەروەها بوونی کارمەندانی سیاسیی ئەمەریکا لە باڵیۆزخانەکە کۆتوبەند دەخاتە سەر سیاسەتی ئەمەریکا."
سەرچاوە/ فرانس پرێس