جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس وتی ئەمەریکا دەتوانێت فشاری ئابووری و سەربازیی لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ ڕووسیا بەکاربهێنێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕێککەوتنێکی باشی ئاشتی لە ئۆکرانیادا، بەڵام وتەبێژەکەی دواتر ڕەتی کردەوە کە فێنس مەبەستی لە هەڕەشەکردن بووبێت لە ڕووسیا.
ڤانس لە لێدوانێکیدا پێش ئەوەی ئامادەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بێت داوای لە ئەوروپاش کرد پارەی زیاتر خەرج بکەن لە بەرگریدا.
لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسەکەدا ڤانس ڕەخنەی لە یەکێتی ئەوروپا گرت لەسەر سیاسەتەکانی دژ بە لێدوانی ڕق و کینە و زانیاری هەڵە و وتی ئەوە دەگاتە ئاستی سانسۆڕکردن.
سەبارەت بە ئۆکرانیاش بە کورتی وتی هیوای " چارەسەرێکی گونجاو " بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا دەخوازێت.
بەڵام ئۆکرانیا و ئەگەری گفتوگۆکانی ئاشتی، زۆرێکی لە کۆنفرانسە جیهانییە گرنگەکەدا سەرقاڵ کرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکای توشی سەرسوڕمان کرد دوای ئەوەی پەیوەندی بە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنەوە کرد و دەستپێکردنی گفتوگۆکانی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
ڤانس کە بڕیارە دواتر لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆببێتەوە، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵدا پێش کۆنفرانسەکە وتی سەرۆک ترامپ دەتوانێت چەندین ئامڕازی ئابووری و سەربازیی وەکو کاریگەرییەک بەکاربهێنێت لەگەڵ پوتندا.
ویلیام مارتنی وتەبێژی ڤانس دواتر لە ئێکس نوسی " ڤانس هیچ هەڕەشەیەکی نەکردووە. ئەو تەنها ئاماژەی بەو ڕاستییە داوە کە هیچ کەسێک بژاردەکان لە سەرۆک ترامپ ناسەنێت لە کاتێکدا کە ئەم گفتوگۆیانە دەستپێدەکەن."
ڤانس لە کۆنفرانسەکەدا ئەو لێدوانەی نەدا، لە جیاتی ئەوە ڕەخنەی لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا گرت دژی لێدوانی ڕق و کینە.
وتی " ئەو هەڕەشەیەی کە زۆر لێی دەترسم سەبارەت بە ئەوروپا ڕووسیا نیە. چین نیە، هیچ کارەکتەرێکی دەرەکی نیە." وتیشی پاشەکشەکردنە لە بەها بنچینەییەکانی پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین، هەروەها کۆچیش کە لە ئەوروپادا " لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە."
کرێملن وتوویەتی کە هیوادارە ئەمەریکا ڕوونکردنەوەیەک بدات لەسەر لێدوانەکانی ڤانس بۆ ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵ. وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " پێشتر ئەو جۆرە زانیارییەمان نەبیستووە."
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا سکات بێسینتیش وتی " هاوشێوەی باجی گومرگ، ئەوە پەیوەست دەبێت بەوەوە کە سەرۆک ترامپ چۆن دێتە سەر مێزەکە."
پەیوەندییە تەلەفونییەکەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ پوتندا بووە هۆی دروستبوونی ترس لە نێو حکومەتەکانی ئەوروپادا لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە بخرێنە دەرەوەی چارەسەرێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا کە دەکرێت " زیاتر لە بەرژوەندی ڕووسیا بێت و ئاسایشی ئەوروپا بە گشتی بخاتە مەترسییەوە."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک جەختی لەو نیگەرانییانە کردەوە و وتی " ئاشتییەکی ساختە بەسەر سەری ئۆکرانیایی و ئەوروپاییەکانەوە، هیچ شتێکی دەستناکەوێت. ئاشتییەکی ساختە ئاسایشێکی هەمیشەیی ناهێنێت، نە بۆ گەلی ئۆکرانیا و نە بۆ ئێمەش لە ئەوروپا یاخود لە ئەمەریکا."
ڤانس جەختیشی لە داواکەی سەرۆک ترامپ کردەوە لەسەر ئەوەی ئەوروپا دەبێت کاری زیاتر بکات بۆ پاراستنی بەرگریی خۆی بۆ ئەوەی واشنتن بتوانێت سەنگ بخاتە سەر ناوچەکانی دیکەی جیهان، بە تایبەتی ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک.
ڤانس لە کۆبوونەوەیەکی دوو لایەنەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمەردا وتی " لە داهاتوودا پێمان وایە ئەوروپا دەبێت ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت لە ئاسایشی خۆیدا."
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ مارک ڕوت وتی ڤانس " زۆر ڕاست " بووە سەبارەت بە پێویستییەکان بۆ ئەوەی ئەوروپا " هەستێت " و کاری زیاتر بکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی. وتی " دەبێت لەو ڕووەوە گەورە ببین و زۆر زیاتر خەرج بکەین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
جەی دی ڤانس هۆشداری دەدات لە دەرئەنجامەکانی دژایەتی ڕووسیا بۆ ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا
