وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند لە ساڵی 2018 دائەرکەکانی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان و سۆماڵدا بۆتە هۆی کوژرانی 120 هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی نزیکەی 65 هاوڵاتی دیکە، ئەم ژمارەیەش زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی ڕێکخراوە چاودێرییەکان ئاماژەیان پێکردووە.
ئەم ڕاپۆرتەش کە کۆنگرێسی ئەمەریکا ساڵانە داوای دەکات ڕێژەکەی لە چاو ساڵی 2017 دا زۆر کەمبۆتەوە بەجۆرێک لە ساڵی 2017 دا 800 مەدەنی کوژراون، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ کەمبوونەوەی ئەرکەکانی سوپای ئەمەریکا دژی ڕێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق.
لە ڕاپۆرتەکەدا کە نزیکەی 20 لاپەڕەیە و باس لە ئەرکە سەربازیە ئاسمانی و پیادەکانی ئەمەریکا دەکات، 76 هاوڵاتی مەدەنی لەمیانەی ئەرکە سەربازییەکاندا لە ساڵی 2018 لە ئەفغانستان کوژراون و 42 کەس لە عێراق و سوریا کوژراون و دوو کەسیش لەمیانەی هێرشێکی ئاسمانیدا لە سۆماڵ کوژراون.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ هاوڵاتیەکەی مەدەنی لە لیبیا و یەمەن نەکوژراون.
ئەم ژمارەیەش زۆر کەمترە لەو ژمارانەی کە ڕێکخراوە چاودێرییەکان ئاماژەیان پێکردووە.
بەڕێوبەری بەشی ئاسایش و مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی لە ئەمەریکا دافنی ئیڤیاتار دەڵێت " بەداخەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هێشتا ژمارەیەکی زۆر کەمتر لە ڕاستی کوژرا و بریندارەکان تۆمار دەکات کە بەهۆی ئەرکەکانی ئەمەریکاوە دەکوژرێن."
ڕێکخراوی ئامنستی نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی ئیرۆ ۆرز بۆ چاودێری لە ڕاپۆرتێکدا کە لە کۆتای مانگی چواردا بڵاویان کردەوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەرکەکانی ئەمەریکا دژی ڕێکخراوی داعش لە ڕەققەی سوریا لە ساڵی 2017 دا بۆتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1600 هاوڵاتی مەدەنی.
لە مانگی دوودا نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان وتی لەمیانەی ئەرکە سەربازییەکانی هێزەکانی سەر بە حکومەت لە ئەفغانستان لە ساڵی 2018 دا 1185 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کاندیس ترێش وتی ئەمە یەکەم ساڵە کە ڕاپۆرتەکە تەواوە و نهێنی نیە.
وتیشی " سەرەڕای ئەوەی ئەو بەشەی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی کە شتێکی کارەساتیە و لە جەنگدا ڕوودەدات، هیچ هێزێک نیە لە مێژوودا هێندەی سوپای ئەمەریکا پابەند بێت بە خۆبەدوورگرتن لە ئازاردانی هاوڵاتیانی مەدەنیەوە و بەپێی یاسای جەنگ پابەندبێت بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز