Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە هاوڵاتیانی دەکات لە ئیسیوپیا ئەو وڵاتە جێبهێڵن


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فشارەکانی بۆ سەر هاوڵاتیەکانی لە ئیسیوپیا زیاتر کرد تاوەکو بەزووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانیەکاندا سەبارەت بەوەی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە خەریکە پەرەدەسەنێت.

بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیان هاوڵاتیانی ئەمەریکا لە ئیسیوپیا دەبێت ئێستا ئەو وڵاتە جێبهێڵن لەکاتێکدا هێشتا گەشتە ئاسمانییەکان بژاردەیەکن لەبەردەستیاندا.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی " پەیامەکەمان ئەمەیە: چاوەڕێ مەکە تاوەکو بارودۆخەکە خراپتر دەبێت و ئینجا بڕیار بدەیت ئەو وڵاتە جێبهێڵیت، جێی بهێڵە بەرلەوەی شتەکان بگۆڕێن، لەحاڵەتێکدا ئەگەر گەشتە ئاسمانییەکان چیتر لەبەردەستدا نەبن ئەوا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا پێناچێت بتوانێت یارمەتی هاوڵاتیە ئەمەریکییەکان بدات لە ئیسیوپیا."

بەرپرسەکە وتیشی هیچ پلانێک نیە بۆ ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی ئەمەریکا بۆ ناو ئیسیوپیا تاوەکو سەرپەرشتی گواستنەوەی هاوڵاتیان بکات، وەکو ئەوەی چۆن لەمدواییانەدا سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان کردی.

وتی " نابێت پێشبینی ئەوە بکەن ئەمەریکا کارئاسانی بکات بۆ گواستنەوەکان لەڕێی سوپاوە بێت یاخود گەشتە ئاسمانیەکان لە ژینگەیەکی ناجێگیردا، بەتایبەتی دوای ئەو هەموو ئاگادارکردنەوەیە لەسەر جێهێشتنی ئەو وڵاتە بەزووترین کات."

بەرپرسە ئەمەریکییەکان وتیان نازانن بەدیاریکراوی چەند هاوڵاتی ئەمەریکی لە ئیسیوپیادا هەن.

زیاتر لە ساڵێکە هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا بە ڕابەرایەتی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە ئابی ئەحمەد لەدژی هێزەکانی تیگرای دەجەنگن کە بە بەرەی ئازادی گەلی تیگرای ناسراون. ڕۆژی دووشەممە ئابی ئەحمەد وتی دەچێتە پێشەوەی بەرەکانی جەنگ و سەرکردایەتی هێزەکانی دەکات دژی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی تیگرای. لەم هەفتەیەدا هێزەکانی تیگرای بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی شیوا ڕۆبیتیان کرد کە دەکەوێتە دووری 220 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئادیس ئابابای پایتەختەوە.

لە 3 ی مانگی یانزەدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەرچوونی هەندێک لە کارمەندەکانی حکومەتی ئەمەریکای لە باڵیۆزخانەکە پەسەندکردووە، بە ئەندامانی خێزانەکانیشیانەوە لە ئیسیوپیا. لەو کاتەشەوە چەند جارێک هاوڵاتیانی ئەمەریکای لەو وڵاتە ئاگادارکردۆتەوە لەڕێی گەشتە ئاسمانییەکانەوە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

ڕۆژی سێشەممە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هاوڵاتیانی ئەمەریکای لە ئیسیوپیا ئاگادارکردەوە لەسەر ئەگەری هێرشی تیرۆریستی. داوای لە ئەمەریکیەکان کرد " زۆر وریا بن و خۆیان بەدووربگرن لەو شوێنانەی کە بیانیەکان زۆر ڕووی تێدەکەن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG